لە نوێترین پەیامیدا، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ شوێنێکی ئارامی تێدا نابێت بۆ مانەوەی بنکەکانی ئەمریکا. ئەم لێدوانەش لە کاتێکدایە کە راپۆرتە هەواڵگرییەکانی واشنتن باس لە گۆشەگیرییەکی توندی ناوبراو دەکەن.
ئاوێنە: لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی، موجتەبا خامنەیی لە چوارچێوەی پەیامێکدا کە بۆ حاجیانی ماڵی خودای ناردبوو، داوای لە سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی کرد کە پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوانیان پتەوتر بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە هەنگاوی جددی بەرەو پێشکەوتنی ئۆممەتی ئیسلامی بنێن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا و بەبۆنەی یادی شۆڕشی وڵاتەکەیەوە، رێبەری ئێران رایگەیاند: "٤٧ ساڵ بەر لە ئێستا، گەلی موسڵمانی ئێران بە دروشمی (الله أكبر) راپەڕینیان ئەنجامدا و رژێمی دیکتاتۆری و بەکرێگیراوی تاغوتیان ڕوخاند." لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆممەتی ئیسلامی و گەلانی ناوچەکە خاوەنی بەرژەوەندی و توانستی هاوبەشن، کە لە رێگەیانەوە سیستمی نوێی ناوچەکە و جیهان پێکدەهێنن.
لە بەرامبەر ئەو دەرکەوتنانەدا، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا زانیاریی وردیان لەسەر دۆخی ژیانی ئێستای رێبەری ئێران ئاشکرا کردوە. بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا موجتەبا خامنەیی لە شوێنێکی نهێنی و رانەگەیەندراودا خۆی مەڵاسداوە و لە جۆرێک لە گۆشەگیریی نزیک لە تەواوەتی و دابڕان لە جیهانی دەرەوەدا دەژی، بە جۆرێک گەیشتن پێی مەحاڵە تەنها لە رێگەی تۆڕێکی ئاڵۆز لە نێوەندگیرەکانەوە نەبێت.
لەم بارەیەوە، بەرپرسانی ئەمریکیی ئاگادار لە دۆسیەکە بە تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس نیوز"ی وڵاتەکەیان راگەیاندوە، ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی کە دەسەڵاتی پەیوەندیکردنیان بە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێدراوە، ڕوبەڕوی ئاستەنگ و قورسییەکی زۆر دەبنەوە لە گەیاندنی پەیامەکان بۆ ناو دامەزراوەکانی حوکمڕانیی ئێران، ئەمەش بەهۆی ئەو کۆتوبەندە ئەمنییە توندانەی کە خراونەتە سەر جوڵە و پەیوەندییەکانی خامنەیی.
بەرپرسەکان ئەوەشیان رونکردوەتەوە کە پەیام و پێشنیارەکانی ئەمریکا دەبێت بەناو تۆڕێکی دژوار و پێچەڵپێچی نێوەندگیرەکاندا تێپەڕن، کە وادەکات وەرگرتنی هەر وەڵامێک لە لایەنی ئێرانییەوە کاتێکی زۆری پێبچێت. یەکێک لەو بەرپرسانە دەڵێت: "هەر زانیارییەک بگاتە دەست رێبەرەکە تا ڕادەیەک زانیارییەکی کۆنە، و خاوییەکی زۆریش لە دەرچونی وەڵامەکانیدا بەدی دەکرێت".
موجتەبا خامنەیی، کوڕی دوەمی عەلی خامنەیییە و وەک یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ناو سیستمی کۆماری ئیسلامی دەناسرێت. ناوبراو بۆ ساڵانێکی زۆر وەک "پیاوی پشت پەردە" رۆڵی میحوەریی لە بەڕێوەبردنی نوسینگەی رێبەر و دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکاندا بینیوە.
سەرەڕای ئەوەی لە رابردودا هیچ پۆستێکی فەرمیی حکومی نەبوە، بەڵام بەهۆی پێگە ئایینی و سیاسییە بەهێزەکەیەوە وەک جێنشینی سەرەکیی باوکی دیاریکرا. لە ئێستاشدا لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە ئێراندا خاوەن دەسەڵاتێکی بێسنورە، بەتایبەتی لە سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیە هەستیارانەی کە راستەوخۆ پەیوەستن بە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیەوە.