هەریەکە لە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا و نیویۆرک پۆست بڵاویانکردووەتەوە کە رۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی "دەگمەن" لە هاوینەهەواری سەرۆکایەتی کەمپی دەیڤد دەکات و تەوەرەکەش ئێران و پرسی ئابووری دەبێت.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا (AFP) رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی دەگمەن لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی لە هاوینەهەواری سەرۆکایەتیی "کەمپ دەیڤد" ئەنجام بدات؛ کۆبوونەوەیەک کە بە وتەی بەرپرسێکی کۆشکی سپی، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی دانوستانەکانی پەیوەست بە ئێران بۆ قۆناغێکی هەستیار؛ بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەڵبژاردنی کەمپ دەیڤد، هاوینەهەوارێکی دوورەدەستە لە چیاکانی مێریلاند و ترەمپ بە پێچەوانەی زۆرێک لە سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو کەمتر هاتوچۆی بۆ کردووە، وەک نیشانەیەک بۆ هەستیاریی گفتوگۆکانی داهاتوو لێکدەدرێتەوە.
هاوکات ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ش دەڵێت "بابەتی ئێران تەوەرەی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە دەبێت و هەموو ئەندامانی کابینەکە تێیدا ئامادە دەبن. هەروەها پرسە ئابوورییەکانیش لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا دەبن".
ئەوەیش لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە ٢٣ی ئایار، دۆناڵد ترەمپ وتبووی، ڕێککەوتن لەگەڵ تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکە، بەڵام هاوکات هۆشداریشیدا کەلە ئەگەری شکستخواردنی دانوستانەکان، هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران دەکرێت دەستپێبکەنەوە.
جێی ئاماژەشە، ئەم سەردانەی ترەمپ دووەم سەردان دەبێت بۆ کەمپ دەیڤد لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا؛ یەکەمجار چەند ڕۆژێک پێش هێرشەکانی ئەمریکا بوو بۆسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە حوزەیرانی ٢٠٢٥.