نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی فەرماندەی نوێی كەتیبەكانی عیزدەین قەسام لە باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسیان کردووەتە ئامانج.
ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەمیانی بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "ناتانیاهۆ و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری فەرمانیان بە سوپای ئیسرائیل داوە هێرشی ئاسمانی لە کەرتی غەززە ئەنجامبدەن".
هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە، بەهۆی هێرشەکەوە محەمەد عۆدە کراوەتە ئامانج، ئیسرائیل بە فەرماندەی نوێی باڵی سەربازی بزوتنەوەکە ناوی دەبات.
نوسینگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، عۆدە یەکێک بووە لە ئەندازیارانی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر و لەکاتی هێرشەکەدا وەک بەرپرسی یەکەی هەواڵگری كەتیبەكانی عیزەدین قەسام كاری كردووە، بەم دواییە راسپێردرا بۆ شوێنگرەوەی عیزەدین حەداد، کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا کوژرا.