عەمیحای شیکلی، وەزیری کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیلی، دوێنێ سێشەممە، ڕێگریکردنی لە چوونە ناوەوەی ٤٠ چالاکوانی سەر بە ڕوانگەی یۆرۆمەد (ئۆرۆ-ناوەڕاست) بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ناو ئیسرائیل ڕاگەیاند.
ئاوێنە: شیکلی لە بەیاننامەیەکدا ڕوانگەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی کە مافەکانی مرۆڤی وەک پەردەیەک بۆ بانگەشەکردن بۆ تیرۆر بەکارهێناوە، و وتیشی: "فەرمانم بە ئاڤی کۆهین شیکلی، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتەکەم کردووە، ڕێگری لە چوونە ناوەوەی چل چالاکوانی ئەو ڕێکخراوە بۆ ناو ئیسرائیل بکات".
لە لای خۆیەوە، وەزارەتی کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا کە ماڵپەڕی "والا"ی ئیسرائیلی گواستوویەتیەوە ڕایگەیاندووە: "ئەمە ڕێکخراوێکی دژە ئیسرائیلە و لەلایەن ئەندامێکی بزووتنەوەی حەماسی دژە ئیسرائیلەوە سەرکردایەتی دەکرێت، و بانگەشە بۆ چالاکییەکانی دژ بە ئیسرائیل، لێسەندنەوەی شەرعیەت لێی، و بایکۆتکردنی دەکات، تەنانەت لە بەردەم دادگای نێودەوڵەتیی دادیشدا".
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕامی عەبدە، دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕوانگەی یۆرۆمەد بۆ مافەکانی مرۆڤ، "وەک کارەکتەرێکی سەر بە بزووتنەوەی حەماس پۆلێن کراوە".
بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتەکە، ئەو ڕێکخراوەی کە لە سویسرا تۆمار کراوە -کە لە جنێڤەوە کاردەکات و خۆی وەک دەستەیەکی مافی مرۆڤ دەناسێنێت لە ڕاستیدا- "دەستەیەکە کە چالاکییە سەرەکییەکەی چڕبووەتەوە لەسەر زیانگەیاندن بە ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی".
ڕاپۆرتەکە ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ڕێکخراوی "یۆرۆمەد" بە شێوەیەکی سیستماتیک کار لەسەر داڕشتنی گوتارێکی دژ بە ئیسرائیل دەکات لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانەش لە نێو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، ڕاگەیاندن، ناوەندە ئەکادیمییەکان و پلاتفۆرمەکانی زانیاریی کراوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە "چاودێریی شێوازەکانی بەکارهێنانی زانیاریی نیوەچڵ یان پشتڕاستنەکراوە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە کراوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بانگەشە مەترسیدارەکانی دژ بە دەوڵەتی ئیسرائیل، لەوانەش کۆمەڵکوژی و برسیکردنی بەئەنقەست، و تەنانەت تۆمەتی دزینی ئەندامانی جەستە، لەپاڵ بانگەشەکردن بۆ بایکۆت و قەدەغەکردنی چەک".
وەزارەتی کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە "چاودێریی چالاکییەکی ڕێکخراوەکەیان کردووە بۆ هەڵپەساردنی ڕێککەوتنی هاوبەشی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا. ئەمەش بابەتێکی زۆر گرنگە، چونکە یەکێتیی ئەورووپا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئیسرائیلە"، و ئاماژەی بەوەشکردووە کە "ڕێکخراوەکە کاری کردووە بۆ هاوکاریکردنی تیمی یاسایی باشووری ئەفریقا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی".
جەنگی کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل لە غەززە لە ٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـەوە، زیاتر لە ٧٢ هەزار شەهیدی فەلەستینی و زیاتر لە ١٧٢ هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە، لەگەڵ وێرانکارییەکی بەرفراوان کە بەر لە سەدا ٩٠ی ژێرخانی مەدەنی کەوتووە. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان تێچووی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وێرانکارییانەی کە بەهۆی ئەم جەنگەوە دروست بوون، بە نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکات.