جەی دی ڤانس: گەشبینین بەوەی ئێران دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت
  2026-05-27       136       

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئەگەری ڕازیبوونی ئێران بە دوورکەوتنەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە چوارچێوەی هەر ڕێککەوتنێکی چاوەڕوانکراودا.

ئاوێنە: ​ڤانس کە بەشداری لە گفتوگۆکانی تاران و واشنتۆندا کردووە، ڕۆژی چوارشەممە (٦ـی جۆزەردان) بە تۆڕی "ئێن بی سی"ی ڕاگەیاند، "زۆر گەشبینە" بەوەی ئێران لە چوارچێوەی هەر ڕێککەوتنێکدا، ڕازی بێت بە دروستنەکردنی چەکی ئەتۆمی.

​لە هەمان کاتدا وتیشی: "پێموایە پرسیارە سەختەکە ئەوەیە ئایا ئێران بە میکانیزمێکی چاودێری و پشتڕاستکردنەوە ڕازی دەبێت کە دڵنیامان بکاتەوە لە داهاتوودا پێشێلی ئەو ڕێککەوتنە ناکات؟"

لە سەرەتای ئاگربەستی مانگی نیسانی ڕابردووەوە، هەردوو لا هێشتا ناکۆکییان هەیە لەسەر چەند پرسێکی ئاڵۆز، لەوانە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، شەڕی ئیسرائیل لە لوبنان و هەروەها داواکارییەکەی ئێران بۆ هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی تاران.

​پێشتریش ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە لەسەر بەشێکی زۆری بڕگەکانی لێکتێگەیشتنێکی چاوەڕوانکراوی "١٤ خاڵی" ئەنجام بەدەست هاتووە. ناوبراو ئیدیعای ئەوەی کردبوو کە چوارچێوە گشتییەکە جەخت لە کۆتاییهێنان بە شەڕ و هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا دەکاتەوە لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئێران بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەت لە گەرووی هورمز.

​هەروەها، حسێن نۆشابادی، دیپلۆماتکاری باڵای ئێران ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە بریتی دەبێت لە کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا، لەوانە لوبنان، ئازادکردنی سامانە سڕکراوەکانی ئێران، هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا، کردنەوەی گەرووی هورمز، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران و ئازادکردنی فرۆشتنی نەوتی ئێران.

​ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا" لە زاری نۆشابادییەوە بڵاویکردەوە، ئەو ڕەشنووسە سەرەتاییەی لەلایەن ئێرانەوە پێشکەشکراوە، هیچ پابەندبوونێک سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە لەخۆناگرێت.

​هەروەها بەقایی و نۆشابادی ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری بەرەوپێشچوونی قۆناغی یەکەم، دەکرێت لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی داهاتوودا پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەتۆمیدا بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×