ترەمپ هەرەشەیەکی توند لە عومان دەکات: خاپوورتان دەکەین
  2026-05-28     

​دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوێنێ چوارشەممە، هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی سوڵتانیشینی عومان کرد، ئەگەر بێت و لە پرسی دووبارەکردنەوەی گەرووی هورمزدا لە پاڵ ئێران بوەستێت، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک سەبارەت بەوەی کە تاران بە هاوکاری لەگەڵ مەسقەت بەڕێوەبردنی گەرووەکە دەگرێتە ئەستۆ.

ئاوێنە: ترەمپ وتی کە پێویستە عومان "ڕەفتاری باش بێت" ئەگەرنا بە گوتەی خۆی "پێویست دەکات خاپووریان بکەین". ئەمەش لە وەڵامی پرسیارێکدا هات سەبارەت بەوەی ئایا ڕازی دەبێت بە ڕێککەوتنێکی کورتخایەن کە ڕێگە بە تاران و مەسقەت بدات گەرووی هورمز بەڕێوەببەن.

​ترەمپ لە میانی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆبوونەوەیەکی ئیدارەکەیدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند: "نەخێر، گەرووەکە بۆ هەمووان کراوە دەبێت". هەروەها گوتیشی: "ئەوە ئاوێکی نێودەوڵەتییە، و عومانیش وەک هەمووان ڕەفتاری باش دەبێت ئەگەرنا پێویست دەکات خاپووریان بکەین. ئەوان لەوە تێدەگەن و باریان باش دەبێت".

​کۆشکی سپی دەستبەجێ وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی نەدایەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو دەستەواژەیە هەڵەی زمانی ترەمپ بووە، یان ئایا مەبەستی ئاماژەدان بووە بە ئێران لەبری عومان.

​دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرتەیەکی ڤیدیۆیی و دەقی لێدوانەکانی ترەمپی سەبارەت بە عومان بڵاوکردەوە، بەبێ هیچ ڕاستکردنەوە یان ڕوونکردنەوەیەک.

​لێدوانەکانی ترەمپ شەپۆلێکی توڕەیی لە شەقامی عەرەبیدا لێکەوتەوە، و نووسەران و سیاسەتمەداران بە "گوتاری ملهوڕی" وەسفیان کرد.

​ئەمەش دوای ئەوە هات کە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران وردەکاریی ڕەشنووسی چوارچێوەی کارکردنی سەرەتایی نافەرمی بۆ یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕاگەیاند.

​لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە کە تاران بە هاوکاری لەگەڵ سوڵتانیشینی عومان بەڕێوەبردنی ڕێڕەوی جووڵەی کەشتییەکان بەناو گەرووی هورمزدا دەگرێتە ئەستۆ.

​تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد کە -بەگوێرەی ڕەشنووسەکە- تاران بەڵێن دەدات لە ماوەی یەک مانگدا تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان بە گەرووی هورمزدا بگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ.

​تەلەفزیۆنی ئێران گوتی: "چوارچێوەی سەرەتایی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد کە دەتوانێت ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە ڕێڕەوی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، لەم ڕۆژانەدا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و دواین دەستکاری دەقەکەی دەکرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "هێشتا کۆتایی نەهاتووە".

​لە بەرامبەریشدا، کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتەکەی تەلەفزیۆنی ئێران "ڕاست نییە"، و ئەو یاداشتەی ئاماژەی پێکراوە "بە تەواوی هەڵبەستراوە".

زۆرترین بینراو
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلاری بۆ گه‌شتیاران به‌ نرخی ره‌سمی دیاریكرد
پارتی به‌ڕه‌سمی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند
لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌ربه‌رزم و ملكه‌چی هیچ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوم
نه‌تانیاهو: ته‌له‌فۆنێكی زۆر توندم له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئه‌نجامداو كۆمه‌ڵكوژیی دروزه‌كان راگیرا
بەسێ هۆزات: ئەگەر پێوەری یاسای لێبوردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازاد بکرێت
عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
سی ئێن ئێن: پێنتاگۆن تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
کۆتایی بە سیمکارتی بێسەرەوبەرە دێت؛ مەرجی نوێ بۆ کڕین و تۆمارکردنی سیمکارت لە عێراق دادەنرێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×