ئەمریکا باشووری ئێرانی بۆردومان کرد و تارانیش بنکەیەکی ئەمریکی کردە ئامانج
  2026-05-28     

کوێت ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، کراوەتە ئامانجی مووشەک و درۆنی دوژمنکارانە بێ ئەوەی سەرچاوەکەیان دیاری بکات، ئەمەش لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران دێت.

ئاوێنە: ​سوپای کوێت ڕایگەیاند کە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان ڕووبەڕووی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوژمنکارانە بوونەتەوە، بێ ئەوەی سەرچاوەکەیان دیاری بکات.

​سوپا زیاتر وتی: "ئەگەر دەنگی تەقینەوە بیسترابێت، ئەوا دەرەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشە دوژمنکارانەکانە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە."

​داواشی لە هەمووان کرد لە وڵاتەکەدا "پابەندی ڕێنماییەکانی ئاسایش و سەلامەتی بن کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەرچوون."

​ڕاگەیەندراوەکەی سوپای کوێت دوای ئەوە هات کە بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند؛ واشنتن چەند هێرشێکی ئەنجامداوە و پێگەیەکی سەربازیی لە ئێران کردووەتە ئامانج، هەروەها چەند درۆنێکی ئێرانیشیان خستووەتە خوارەوە کە هەڕەشە بوون بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.

​ئێران پشتڕاستی هێرشەکەی ئەمریکای کردەوە و ڕایگەیاند کە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج لە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەیانی (01:20 بە کاتی گرینچ)، ئەمەش دوای ئەوەی کە بە هێرشێکی بەرەبەیانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس وەسفی کرد، بێ ئەوەی شوێنی بنکەکە دیاری بکات.

​وڵاتانی کەنداو، لە نێویاندا کوێت، لە ماوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شایەتحاڵی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون.

​گرژییە سەربازییەکان تا ڕادەیەکی زۆر هێوربوونەتەوە لەو کاتەوەی ئاگربەست لە مانگی نیسانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە عێراقەوە ئاراستەی وڵاتانی کەنداو وەک کوێت کراون.

زۆرترین بینراو
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلاری بۆ گه‌شتیاران به‌ نرخی ره‌سمی دیاریكرد
پارتی به‌ڕه‌سمی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند
لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌ربه‌رزم و ملكه‌چی هیچ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوم
نه‌تانیاهو: ته‌له‌فۆنێكی زۆر توندم له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئه‌نجامداو كۆمه‌ڵكوژیی دروزه‌كان راگیرا
بەسێ هۆزات: ئەگەر پێوەری یاسای لێبوردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازاد بکرێت
عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
سی ئێن ئێن: پێنتاگۆن تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
کۆتایی بە سیمکارتی بێسەرەوبەرە دێت؛ مەرجی نوێ بۆ کڕین و تۆمارکردنی سیمکارت لە عێراق دادەنرێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×