سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا "پێنتاگۆن" لیستێکی نوێی ئامادە کردووە کە ئامانجی سەربازیی زیادەی ئێرانی لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی بکرێنە ئامانج، لە ئەگەری ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان دژی ئێران بدات. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسە سەربازییەکان دان بەوەدا دەنێن کە قۆناغی داهاتوو لە چاو یەکەمین هێرشەکاندا کە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ڕابردوودا دەستیان پێکرد، زۆر ئاڵۆزتر و سەختتر دەبێت.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە تۆڕی "ئێن بی سی نیوز" (NBC News)ـی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، زۆربەی ئامانجە ماوەکان ئێستا پشت بە سیستەمی خۆشاردنەوە و بڵاوبوونەوەی خێرا دەبەستن، هاوکات بەشێکی زۆریان گواستراونەتەوە بۆ پێگە قایمکراوەکانی ژێر زەوی یان پلاتفۆرمە گەڕۆکەکان کە زۆر قورسە لە کاتی گونجاودا چاودێری بکرێن و بپێکرێن.
لیستی ئامانجە ماوەکان پلاتفۆرمە گەڕۆکەکانی هەڵدانی مووشەکە بالیستییەکانی وەک (شەهاب، سجيل و خوڕەمشار) لەخۆدەگرێت، زێدەباری دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییە قایمکراوەکان، کە دیارترینیان دامەزراوەی شاخاویی 'فۆردۆ'یە. ئەمە جگە لە سیستەمە گەڕۆکەکانی بەرگریی ئاسمانی و سەنتەرەکانی کارپێکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن)، هەروەها ئەو هێزە دەریاییانەی لە نزیک گەرووی هورمز و بەندەر عەباس جێگیرکراون، کە بەلەمە هێرشبەرە خێراکان و پلاتفۆرمەکانی هەڵدانی مووشەکی دژە کەشتی لەخۆدەگرن.
هەروەها لیستەکە سەنتەرە گەڕۆکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن و کۆگاکانی چەک کە بەسەر چەندین ناوچەدا دابەشکراون لەخۆدەگرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەوەی کە ناوەندە سەربازییەکانی ئەمریکا بە ستراتیژیی 'بڵاوبوونەوەی نامەرکەزی' وەسفی دەکەن، کە تاران دوای شەپۆلی یەکەمی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پشتی پێبەستووە.
شارەزایانی سەربازی پێیان وایە کە ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پەنای بردووەتە بەر ئەوەی بە "ستراتیژیی ژیشک" ناسراوە، کە بیروباوەڕێکی بەرگرییە و لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بنکە جێگیرەکان، و زیادکردنی جووڵە، خۆشاردنەوە و خۆکوتکردن لە ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری شارەکاندا دامەزراوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا.