موجتەبا خامنەیی هۆشداریی توند دەداتە پەرلەمانتاران: "دوژمن دوای شکستی سەربازی، پلانی بۆ تێکدانی یەکڕیزیی ناوخۆیی هەیە"
  2026-05-28       130       

​لە پەیامێکی گرنگدا کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی پەرلەمان، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نەخشەڕێگای قۆناغی داهاتووی وڵاتەکەی دیاری دەکات و جەخت لە تێپەڕاندنی قەیرانە ئابوورییەکان و پاراستنی یەکڕیزی دەکاتەوە.

ئاوێنە: ​ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاوکات لەگەڵ جەژنی قوربان و بەبۆنەی ساڵیادی کردنەوەی یەکەمین خولی پەرلەمان و دەستپێکردنی سێیەمین ساڵی کارکردنی خولی دوازدەیەمەوە، سەید موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیامێکی گشتگیری ئاراستەی دەسەڵاتی یاسادانانی وڵاتەکەی کرد. لە پەیامەکەدا، ناوبراو بە توندی هۆشداری دەداتە پەرلەمانتاران سەبارەت بەو پیلانانەی دوژمن بۆ نانەوەی دووبەرەکی دایناون، هاوکات داوای گرتنەبەری هەنگاوی خێرا و کرداری دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییە کەڵەکەبووەکان.

​لە بەشێکی پەیامەکەیدا، ڕێبەری ئێران وێڕای پیرۆزباییکردنی جەژن، ئاماژەی بە تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر قۆناغی "سێیەمین بەرگریی پیرۆز" کردووە و بەرز نرخاندنی خۆی بۆ خۆڕاگریی گەلەکەی دەربڕیوە. هەر لەم ڕوانگەیەوە، پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان و گشت ئەندامانی پەرلەمان کردووە؛ تیایدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە دەسەڵاتی یاسادانان سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت لەوپەڕی هەماهەنگی و یەکدەنگیدا بێت لەگەڵ هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) و دادوەری، بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانن بەسەر ئاستەنگ و قەیرانەکاندا زاڵ بن.

​سەبارەت بە ئەرکە هەستیارەکانی قۆناغی داهاتوو، موجتەبا خامنەیی نەخشەڕێگایەکی ڕوونی دیاریکردووە و داوا دەکات دروشمی ئەمساڵ کە بریتییە لە "ئابووریی خۆڕاگری لە سێبەری یەکڕیزیی نیشتمانیدا" بە تەواوی لەسەر ئەرزی واقیع بچەسپێندرێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، پێداگری لەسەر چەند خاڵێکی ستراتیژی دەکاتەوە، لەوانە:

- ​کۆنتڕۆڵکردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان.

- ​ڕێکخستنەوەی بازاڕەکان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان.

- ​بووژاندنەوەی کەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی.

​هەروەها، بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو وێرانکارییانەی کە بەهۆی هەردوو "جەنگی سەپێنراوی دووەم و سێیەم"ەوە بەر وڵات کەوتوون، ئەمەش وەک تاکە ڕێگە بۆ گەڕاندنەوەی هیوایەکی ڕاستەقینە بە ئاییندەی گەل و نیشتمان دەبینێت.

​لە کۆتایی پەیامەکەیدا، موجتەبا خامنەیی داوا لە تەواوی بەرپرسان و ئەندامانی پەرلەمان دەکات کە ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانی (عەلی خامنەیی) بکەنە سەرمەشق و بنەمای سەرەکی بۆ سەرجەم کار و بڕیارەکانیان. لە پاڵ ئەوەشدا، زەنگی مەترسییەکی نوێ لێدەدات و ڕایدەگەیەنێت کە دوژمنانی ئێران، دوای ئەوەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و گەمارۆدانە ئابوورییەکاندا شکستیان هێناوە، ئێستا ستراتیژی خۆیان گۆڕیوە و تەواوی هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ تێکدانی یەکڕیزیی نیشتمانی و دروستکردنی کەلێن و دووبەرەکیی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی وڵاتدا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×