حکومەتی ئیسپانیا هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان ڕاگەیاند و جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت یەکێتیی ئەوروپا لە ئاست پێشێلکارییەکانی تەلئەڤیڤ بێدەنگ بێت، هاوکات داوای سەپاندنی سزا و هەڵپەساردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوانیان دەکات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، خۆسێ مانوێل ئالڤارێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ڕەخنەی توندی لە هەنگاوەکانی تەلئەڤیڤ گرت و ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەی ئیسرائیل بۆ ناساندنی باشوری لوبنان وەک "ناوچەی جەنگ" و ناچارکردنی خەڵکی سڤیل بە جێهێشتنی زێدی خۆیان، هەنگاوێکە "بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە".
ئالڤارێز هۆشداری بە وڵاتانی ئەوروپا دا کە دەبێت پەیامێکی ڕوون بە ئیسرائیل بدەن و پێی بڵێن: "ئەگەر دەتانەوێت پەیوەندییەکی ئاساییتان لەگەڵ ئێمەدا هەبێت، ئەوا ناتوانن بەم شێوازە مامەڵە بکەن".
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هات کە پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی نافەرمی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە شاری لیماسۆلی قوبرس بەڕێوەچوو. لە قسەکانیدا ئاماژەی بە عەقڵیەتی سەرکردەکانی ئیسرائیل کرد و وتی: "ئیسرائیل وای دەبینێت کە شەڕ تاکە بژاردە و ڕێگایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، بەڵام جەختیشی لەوە کردەوە کە "وڵاتە دیموکراسییەکان نابێت یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ پێشێل بکەن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئالڤارێز دانی بەوەدانا کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی لە ئاشتی و ئاسایشدا بژی، بەڵام هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە "گەلانی فەڵەستین و لوبنانیش ڕێک هەمان مافیان هەیە". هەروەها داوای لە تەلئەڤیڤ کرد کە ڕێز لە مافی وڵاتانی دیکە بگرێت بۆ ئەوەی خاوەنی دەوڵەتی خۆیان بن و لە ئارامی و ئاسایشدا بژین.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی یەکێتیی ئەوروپا، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئاشکرایکرد کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیلدا دەکات. ڕوونیشیکردەوە، تا ئەو کاتەی دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ناتوانرێت کۆبوونەوەکانی "ئەنجومەنی هاوبەش" ئەنجام بدرێن یان پەیوەندییەکان وەک جاران بە ئاسایی بمێننەوە.
ئالڤارێز بە ڕاشکاوی داوای ڕاگرتنی ڕێککەوتنی هاوبەشی ئەوروپی لەگەڵ ئیسرائیل کرد، بەو پێیەی ئەم میکانیزمی هاوبەشییە تەنها بۆ ژمارەیەکی دیاریکراو لەو وڵاتانە تەرخانکراوە کە "زۆر نزیکن" لە یەکێتیی ئەوروپا و خاوەنی "بەهای هاوبەشن".
هاوکات ئاشکرایکرد کە ژمارەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا پێشنیازێکیان خستۆتە ڕوو وەک "کەمترین داواکاری"، کە ئەویش بریتییە لە ڕێگریکردن لە پێدانی ڤیزا و هاتنە ناوەوەی ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل بۆ ناو خاکی یەکێتیی ئەوروپا.
ئەم کاردانەوە توندەی ئیسپانیا لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل بە بەزاندنی "هێڵی زەرد"، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە زەمینییەکانی لە ناو خاکی لوبنان فراوانتر کردووە و هێرشێکی چڕی کردۆتە سەر شاری نەبەتیە. ئەم پێشڕەوییانە سەرەڕای بوونی ڕێککەوتنی ئاگربەست ئەنجام دەدرێن، جگە لەوەش سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوەتە هاوڵاتیانی ناوچە سنورییەکان کە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، بەپێچەوانەوە هەڕەشەی ئەوەی لێکردوون کە دەبنە ئامانجی هێرشە سەربازییەکانیان.