موحسین ڕەزایی هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات؛ "گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا دەشکێنین"
  2026-05-29       231       

​لە نوێترین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا، موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەردەی لەسەر هەوڵە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵماڵی و ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهۆ یەک ستراتیژ و پلانی هاوبەشیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، کە ئەویش سەپاندنی سیستەمێکی نوێیە بەسەر ناوچەکەدا. بە وتەی ئەم بەرپرسە باڵایە، تاران پێی وایە ئەو نەزمە نوێیە بەبێ لەناوبردنی دەسەڵاتی ئێران هەرگیز جێگیر نابێت و سەرناگرێت.

ئاوێنە: ​لە لێدوانەکەیدا کە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، ڕەزایی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو جەنگ و ململانێیانەی ئێستا لە غەززە، لوبنان و سوریا دەگوزەرێن، تەنیا قۆناغی دەستپێکن بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە. ئامانجی کۆتایی و لوتکەی ئەم هەنگاوانەی واشنتۆن و تەلئەبیب، هێرشکردنە سەر خاکی ئێرانە بۆ تەواوکردنی ئەو نەخشە نوێیەی کە پلانیان بۆ داناوە.

​لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، ڕاوێژکارەکەی عەلی خامنەیی پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد سەبارەت بەو گەمارۆ دەریاییەی کە خراوەتە سەر وڵاتەکەی. ڕەزایی بە ڕاشکاوی هەڕەشەی کرد کە تاران واشنتۆن ناچار دەکات بە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە و بۆ ئەم مەبەستەش دوو ڕێگەی خستەڕوو: لە ئەگەری پێداگریی ئەمریکا لەسەر بەردەوامیی فشارەکان، ئێران ڕاستەوخۆ پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەبات بۆ تێکشکاندنی گەمارۆکە.

​موحسین ڕەزایی تەنیا لە گۆشەنیگای سەربازییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەکە نەکرد، بەڵکو گەشبینییەکی زۆری بۆ ئایندەی ئابوریی وڵاتەکەی نیشاندا. لە بەرامبەریشدا، پێشبینییەکی ڕەشی بۆ پێگەی ئابوریی ئەمریکا خستەڕوو و پێی وایە کە لە دە ساڵی ئایندەدا، هەژموونی ئابوریی واشنتۆن بەرەو ئاوابوون دەچێت و لە پلەی یەکەمی جیهانەوە بۆ پلەی دووەم یان سێیەم پاشەکشە دەکات، لە کاتێکدا ئابوریی ئێران گەشەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.

​ئەم هۆشدارییانەی تاران هاوکاتە لەگەڵ نوێترین هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە تێیدا چەند مەرجێکی قورسی بۆ هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دیاری کردووە. مەرجەکانی ترەمپ پێکهاتوون لە:

- ​وازهێنانی یەکجاری و هەمیشەیی ئێران لە چەکی ئەتۆمی.

- ​بە کراوەیی هێشتنەوەی گەروی هورمز بەبێ وەرگرتنی هیچ بەرامبەرێک.

- ​لەناوبردنی سەرجەم پاشماوە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان بێ ئەوەی هیچ هاوکارییەکی دارایی پێشکەش بە تاران بکرێت.

- لە بەرامبەریشدا، باس لە هەڵگرتنی گەمارۆکان، بەتایبەت گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران کراوە.

​سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە نزیکبوونەوەی هەردوو وڵات دەکرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و دانوستانکاری باڵای ئێران، پێشتر بەتوندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی "هیچ متمانەیەکی بەو گەرەنتییانە نییە" کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەش دەکرێن، ئەمەش دەریدەخات کە کەلێنی نێوان واشنتۆن و تاران هێشتا زۆر قووڵە و ڕێککەوتن ئاسان نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×