دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی، لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ "دەرکردنی بڕیاری کۆتایی" سەبارەت بە ڕەزامەندیدان یان نەدان لەسەر ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئێران.
ئاوێنە: ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستیەوە کە کۆبوونەوەکەی ترەمپ سەبارەت بە ئێران دوو کاتژمێری خایاندووە، و ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆکی ئەمریکا "هیچ بڕیارێکی سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە نەداوە، چونکە هێشتا چەندین پرس ماون کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، لەوانەش پارە بلۆککراوەکانی ئێران".
پێشتریش لە ڕۆژی هەینی، ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە خۆی ئامادە دەکات بۆ دەرکردنی "بڕیارێکی کۆتایی" سەبارەت بە لێکتێگەیشتنێکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئێران، لە کاتێکدا تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە هێشتا "هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی" نەکراوە بۆ دابینکردنی چوارچێوەیەکی گفتوگۆ بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان.
سەرچاوە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئەمریکا و ئێران زانیاریی ناڕوون و هەندێک جاریش دژ بەیەکیان بڵاوکردەوە سەبارەت بەو لێکتێگەیشتنەی کە هەردوو وڵات بە نێوەندگیریی پاکستان دانوستانی لەسەر دەکەن، ئەوەش دوای سێ مانگ لە هەڵگیرسانی ئەو ململانێیەی کە ئابووریی جیهانی هەژاند. هەڵوێستی هەردوو لایەنیش بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە جارێک گرژی بەخۆیەوە دەبینی و جارێکی دیکەش هێوردەبووەوە.
ترەمپ ڕۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروث سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئێستا لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەم بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی". هەروەها وتیشی: "دەبێت ئێران ڕازی بێت بەوەی کە هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یان بۆمبی ئەتۆمی. هەروەها دەبێت دەستبەجێ گەرووی هورمز بەبێ هیچ رسوماتێک بەڕووی هاتوچۆی دەریایی بێ کۆتوبەند لە هەردوو ئاراستەکەدا بکرێتەوە، و تەواوی مینە دەریاییەکانیش لەناوببرێن".
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو کەشتیانەی بەهۆی گەمارۆی ئەمریکاوە لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە دەست بە جوڵە دەکەن، و ڕوونیشیکردەوە کە ئەو گەمارۆیە "ئێستا هەڵدەگیرێت". هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا "بە هەماهەنگی و هاوکارییەکی نزیک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ماددە پیتێنراوەکان دەردەهێنێت و لەناویان دەبات، و تا کاتێکی نادیاریش هیچ بڕە پارەیەک ئاڵوگۆڕ ناکرێت".