لە کاتێکدا دانوستانەکان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەردەوامن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی نزیکە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی باش لەگەڵ لایەنی ئێرانی، و ئاماژەی بەوەشدا کە "ئەگەر ڕێککەوتنەکە باش نەبێت، ئەوا جارێکی دیکە پەنا دەباتەوە بۆ بژاردەی سەربازی و وەزارەتی جەنگ".
ئاوێنە: هەروەها ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز کە ئەمڕۆ یەکشەممە پەخشکرا، جەختی لەوە کردەوە کە بژاردەی دیپلۆماسی پێ باشترە، چونکە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک بە واتای دووبارە کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز دێت بەڕووی کەشتیوانیدا.
ڕوونیشیکردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکشێنەوە هەرکە گەرووی هورمز کرایەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران کۆتایی هات. ئەوەشی وت: "پێویستە گەرووی هورمز دەستبەجێ و بەبێ باجی تێپەڕبوون بکرێتەوە، و دەبێت بە یەکجاری ڕێگە لە تاران بگیرێت لە بەدەستهێنانی هەر چەکێکی ئەتۆمی".
سەرباری ئەوەش، پێی وابوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە خاوی و بە جێگیری ئەوەی دەیەوێت لە ئێرانییەکان بەدەستی دەهێنێت. وتیشی: "ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، ئەوا ململانێکە بە شێوەیەکی تەواو جیاواز کۆتایی پێدەهێنین".
لەگەڵ ئەوەشدا دانی بەوەدانا کە "ئەم بابەتە کاتی دەوێت چونکە ئێرانییەکان دانوستانکاری شارەزان"، وەک خۆی وەسفی کردوون. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پەلەی نییە.
هەروەها ڕوونیکردەوە کە تاران پێشتر ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی کە چەکی ئەتۆمی پەرەپێ نەدات یان نەکڕێت.
دووپاتیشیکردەوە کە "ڕووبەڕووبوونەوەی ئێستا سەرکەوتنێکی تەواوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا". و پێی وابوو ئەوەی لە ماوەی ئەو جەنگەدا ڕوویدا کە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ڕابردوودا هەڵگیرسا، دەکرێت بە "گۆڕینی ڕژێمی ئێران" وەسف بکرێت.
هەروەها وتیشی: "زیاتر لە جارێک سەرکردە ئێرانییەکانمان کردووەتە ئامانج و ئەوانەشی لە سەرکردەکانیان ماونەتەوە زیاتر عەقڵانی بوون".
هەروەها پێی وابوو کە ئێران کەوتووەتە دۆخێکی زۆر خراپەوە و وتی: "سوپای نەماوە و تەنها شتێک کە هەیەتی ڕاگەیاندنی ساختەیە".
لە هەمان کاتدا، بەرپرسە ئاگادارەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد کە ترەمپ مەرجەکانی ڕێککەوتنە چوارچێوەییە چاوەڕوانکراوەکەی توندتر کردووە و هەموارکردنەکانی ڕەوانەی تاران کردووە، ئەمەش بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" گواستوویەتیەوە.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕوونیکردەوە کە پرسە ناکۆکە سەرەکییەکان، لە نێویاندا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بۆ گەڕەکانی داهاتووی دانوستانەکان دوادەخرێن. و ئاماژەی بەوەشدا کە ڕێککەوتنە پێشنیازکراوەکە باس لە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەکات لە بەرامبەر ئەوەی ئێران گەمارۆی سەر گەرووی هورمز هەڵبگرێت.
لە لایەکی دیکەوە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فەرمی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو لێکتێگەیشتننامەیەی لە نێوان واشنتن و تاراندا گفتوگۆی لەسەر کراوە، باس لە ئازادکردنی ١٢ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەکات لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا.
هەفتەی ڕابردووش سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیک بووەتەوە، بەڵام دانوستانەکان هێشتا ئاڵۆزن، و هۆشداریدا لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان. لەو کاتەشەوە ئەمریکا چەندین هێرشی کردووەتە سەر باشووری ئێران یان بەلەمە ئێرانییەکان.
جێی ئاماژەیە کە پرسی سەروەت و سامانە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی دانوستانەکانی ئێستا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوو لە نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە هەڵگیرسا.
هەروەها پرسی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەیەکی بەرز بۆ دەرەوەی ئێران، یەکێکە لە پرسە ئاڵۆز و چەق بەستووەکانی دیکەی نێو دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.