ئیسرائیل قەڵایه‌كی ستراتیژی لەلوبنان كۆنتڕۆڵ ده‌كات
  2026-05-31       234       

​لە پێشهاتەیەکی مەیدانیی گەورەدا و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک بەسەر گەورەترین هێرشی بۆ ناوخۆی وڵاتەکە، سوپای ئیسرائیل توانی قەڵای شەقیفی ستراتیژی لە باشوری لوبنان کۆنتڕۆڵ بکات. لەم بارەیەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بە توندی پەیامی خۆی گەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان هەڵوەشاندنەوە و لەتکردنی دەسەڵاتی حزبوڵایە و تا کۆتاییهێنان بەو ئەرکە ناوەستن.

ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانیان بە تەواوی دەستیان بەسەر بەرزاییەکانی شەقیفدا گرتووە. هاوکات، توانیویانە بپەڕنەوە دیوی ئەوبەری ڕوباری لیتانی. ئەم پێشڕەوییە بە یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیار و ستراتیژییەکان هەژمار دەکرێت بۆ پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی ناوچە نیشتەجێبوونەکانی جەلیل لە باکوری ئیسرائیل.

​کاتز هۆشداریی توندتریشی دا و وتی: "بڕیاری یەکلاکەرەوەمان داوە بۆ تێکشکاندنی هێزی حزبوڵای لوبنانی و جێبەجێکردنی تەواوەتیی ئەرکەکانمان؛ ئێستا دوژمنەکانمان بە چاوی خۆیان دەبینن کە چۆن یەک لەدوای یەک خاڵە ستراتیژییەکانیان لەدەست دەدەن. 

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیدا پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانیان سنوری ڕوباری لیتانییان بڕیوە. بەمەش هێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا گواستووەتەوە بۆ باکوری ڕوبارەکە و پلانیان هەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بەرفراوانتر بکەن و ناوچەی دیکە بگرنەوە.

​ئەم پێشڕەوییە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دێت کە بە فەرمی کۆنتڕۆڵکردنی قەڵای شەقیفیان ڕاگەیاند؛ ئەو قەڵایەی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک لەمەوبەر و لەلایەن خاچپەرستەکانەوە لەسەر لوتکەی شاخێکی بەرز لە باشوری لوبنان بنیاد نراوە. ئەم هەنگاوە نوێیەی ئیسرائیل بە قوڵترین چوونەناوەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە بۆ ناو خاکی لوبنان دادەنرێت لە ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکدا، کە بە دەستکەوتێکی بەرچاوی تەلئەبیب هەژمار دەکرێت لەوەتەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە سەرەتای مانگی ئازارەوە هەڵگیرساوە.

پێشتر ڕوباری لیتانی وەک هێڵێکی سنوریی ئەمری واقیع (دیفاکتۆ) سەیر دەکرا، بەڵام دوای بەزاندنی ئەو سنورە، چەند ڕۆژێکە هێزەکانی ئیسرائیل لە گوندەکانی دەوروبەری قەڵاکە لە پێشڕەویی بەردەوامدان. بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، ئێستا هێزەکانی سوپای ئیسرائیل تەنیا نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە شاری نەباتیەوە دورن، کە یەکێکە لە شارە سەرەکییەکان لە باشوری لوبنان.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕابردوودا بۆ ماوەی ١٨ ساڵ باڵادەست بوون بەسەر قەڵای شەقیف (بیوفۆرت)دا، تا ئەو کاتەی لە ساڵی ٢٠٠٠ بە یەکجاری لە خاکی لوبنان کشاونەتەوە. بەڵام ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر پێکدادانی قورس و وێرانکارییەکی بەرفراوان کە بەهۆیەوە دەیان گوندی باشوری لوبنان تا سەر زەوی خاپور و تەخت کران، جارێکی دیکە هێزەکانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ هەمان پێگەی پێشوویان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×