ئەمریکا بنکەکانی ئێران بۆردومان دەکات و سوپای پاسدارانیش وەڵام دەداتەوە
  2026-06-01       136       

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانیان زنجیرەیەک هێرشی وردیان ئەنجامداوە و تێیدا سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی و وێستگەیەکی کۆنترۆڵکردنی زەمینی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، ئەمە جگە لە تێکشکاندنی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی کە بە وتەی خۆیان هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بوون بۆ سەر جووڵەی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی.

ئاوێنە: ​فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانەوە هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لە ڕیزەکانی هێزەکانی ئەمریکادا تۆمار نەکراوە.

​بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە هێرشەکان لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ئەنجامدراون وەکو کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەوەی بە "دەستدرێژی ئێران" وەسفی کردووە، کە پێکهاتبوو لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری (MQ-1) لەلایەن تارانەوە لە کاتێکدا بەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەفڕی.

​ڕوونیشیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان سروشتێکی بەرگرییان هەبووە، و ڕادارەکان و پێگەگانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە ناوچەکانی گۆرۆک و دوورگەی قیشم لە ناوخۆی ئێران کردووەتە ئامانج، ئەمەش لە چوارچێوەی لەکارخستن و پووچەڵکردنەوەی تواناکانی هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی و ئاسایشی ناوچەکە.

​وەڵامی ئێران

لە بەرامبەریشدا، سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدانی وەڵامێکی سەربازیی ڕاستەوخۆی ڕاگەیاند، و جەختی لەوە کردەوە کە بنکەیەکی ئاسمانییان کردووەتە ئامانج کە هێرشەکانی ئەمریکای لێوە دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای ئەو گورزەی کە گوایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاراستەی تاوەرێکی پەیوەندییەکانی کردووە لە دوورگەی سیریک لە پارێزگای هورمزگان.

​ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی لە زاری سوپای پاسدارانەوە گواستییەوە کە هێزەکانیان هێرشەکەیان ئەنجامداوە و "ئامانجە دیاریکراوەکانیان بە وردی" وێران کردووە، بەبێ ئەوەی شوێنی بنکە ئامانجدارەکە ئاشکرا بکات، و جەختی لەوەش کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە کەمتر لە کاتژمێرێک دوای هێرشەکەی ئەمریکا ئەنجام دراوە.

​سوپای پاسداران هۆشداریشیدا لەوەی کە هەر دووبارەبوونەوەیەکی هێرشەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی وەڵامێکی "تەواو جیاواز" دەبێتەوە، و واشنتۆنیشی وەک بەرپرسیاری سەرەکی لە هەر پەرەسەندنێکی داهاتوو لە قەڵەم دا.

​هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت ڕایگەیاند کە سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوژمنکارانە دەبنەوە، و ڕوونیشیکردەوە کە ئەو دەنگی تەقینەوانەی لە وڵاتەکەدا دەبیسترێن دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنن کە لە ئێستادا بەڕێوەدەچن.

​دەسەڵاتدارانی کوەیتیش داوایان لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکە کرد کە پابەندی ڕێنماییەکانی ئاسایش و سەلامەتی بن کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەرچوون، ئەمەش لە سایەی ئەو پێشهاتە خێرایانەی کە ئاماژەن بۆ فراوانبوونی ڕووبەری گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×