وردەکاریی پڕۆژەیاسایەکی نوێی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی پەکەکە ئاشکرابوو
  2026-06-02       557       

حکومەتی تورکیا سەرقاڵی ئامادەکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی نوێیە کە لە 8 بۆ 9 ماددە پێکدێت، بە ئامانجی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لەژێر ناوی "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر"، بەگوێرەی رۆژنامەیەکی ئەو وڵاتە، ئەگەری هەیە پڕۆژەیاسایەکە پێش 15ـی تەمموز؛ پێشکەش بکرێت.

 

ئاوێنە: رۆژنامەی "تورکیا"ـی نزیک لە دەسەڵاتی ئەنقەرە ئاشکرایکردووە، پڕۆژەیاساکە بارودۆخی یاسایی ئەو کەسانە رێکدەخات کە چەک دادەنێن؛ بە جۆرێک جیاوازی دەکرێت لەنێوان ئەو چەکدارانەی دەستیان لە تاواندا هەبووە و ئەوانەی کە تەنیا ئەندامی رێکخراوەکە بوون.

هەر بەگوێرەی 'توکیا'، بڕیارە مۆڵەتی یەک ساڵ بدرێتە ئەندامانی پەکەکە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ئەنقەرە و لەم یاسایە سوودمەند بن، هەروەها حکومەتی وڵاتەکە داواکارییەکانی دەم پارتی بۆ لابردنی رێگرییەکانی بەردەم کاری سیاسی رەتکردووەتەوە. 

بەپێی یاسا نوێیەکە، ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ قەدەغەی کاری سیاسییان دەخرێتە سەر و لەژێر چاودێریی توندی دادوەریدا دەبن.

ئامارەکان ئاماژە بەبوونی 8 بۆ 10 هەزار چەکدار و نزیکەی 200 کادری باڵا دەکەن، پێشبینی دەکرێت زۆرینەی کادرە باڵاکان نەگەڕێنەوە بۆ تورکیا و بژاردەی چوون بۆ وڵاتی سێیەم هەڵبژێرن، لە قۆناغی یەکەمدا، تەنیا گەڕانەوەی ئەو کەسانە رێگەی پێدەدرێت کە دەستیان لە هیچ تاوانێکدا نەبووە.

رۆژنامەکە راشیگەیاندووە، پێش جەژن شاندە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئیمرالی و قەندیل گفتوگۆیان کردووە و پەکەکە نەخشەڕێگە و خشتەیەکی کاتی بۆ پرۆسەکە پێشکەش کردووە، لە ئێستاشدا حکومەت و ئاکپارتی لە قۆناغی هەڵسەنگاندنی کۆتاییدان بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن.

جێی ئاماژەیە، رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆنگرەی 12ـەمینی بڵاوکردەوە، کەلە رۆژانی 5 بۆ 7ـی هەمان مانگ بەستبوویان، لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەدا، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×