ئەمریکا ئاستی ئامادەباشیی بەرزدەکاتەوە و سوپای پاسدارانیش هەڕەشە دەکات؛ سێبەرەکانی جەنگ دەگەڕێنەوە سەر گفتوگۆکان
  2026-06-03       127       

دۆخێکی چەقبەستوویی باڵی بەسەر ئەنجامی جووڵە دیپلۆماسییەکاندا کێشاوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران، سەرەڕای ئەو جۆش و خرۆشە گەورەیەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەبوو، لەگەڵ بوونی چەندین لێدوان سەبارەت بە نزیکبوونەوەی ڕاگەیاندنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی کە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ ڕێککەوتنێکی فراوانتر لە نێوان هەردوو لادا.

ئاوێنە: ​لێدوانەکانی واشنتۆن و تاران پێداگریی هەردوو لا بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان لە ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەدا دەردەخەن، لە کاتێکدا تا ئێستا هەردوولا ڕەتیدەکەنەوە هیچ سازشێک بۆ یەکتر بکەن.

​لە نوێترین لێدوانیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆکان لەگەڵ تاران کردەوە، و ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە وەستانی دانوستانەکانی نێوان هەردوو لا دەکەن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە "درۆ و چەواشەکارانە" وەسف کرد.

​ترەمپ ڕاشیگەیاند کە کەس نازانێت ئەم گفتوگۆیانە بەرەو کوێ دەچن، و ئاماژەی بەوەشدا کە بە ئێرانی ڕاگەیاندووە کاتی ئەوە هاتووە بە هەر شێوەیەک بێت ڕێککەوتنێک بکرێت، و چیتر ڕێگە نادرێت ئێران بەردەوام بێت لەو کارانەی کە ماوەی ٤٧ ساڵە دەیکات.

​پێشتریش، لە ڕۆژی دووشەممەدا، ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی لەگەڵ ئێران لە حەفتەی داهاتوودا کردبوو، کە ئامانج لێی درێژکردنەوەی ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمزە، بەڵام دانی بەوەشدانا کە ڕێککەوتنەکە هێشتا لە قۆناغی دانوستاندایە و بە یەکجاری یەکلایی نەکراوەتەوە، ئەویش بەهۆی مانەوەی چەند خاڵێکی هەڵپەسێردراو.

​پێدەچێت پێداگریی توندی هەردوولا لەسەر داواکاری و مەرجەکانیان هۆکاری سەرەکیی تەواونەکردنی ڕێککەوتنەکە بێت، وەک تۆڕی "ئەی بی سی نیوز" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستوویەتیەوە، کە ترەمپ داوای بەڵێنی ئەتۆمیی نووسراو و دیاریکراو لە تاران دەکات لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سەرەتاییدا بۆ شکاندنی ئەو چەقبەستووییە.

​سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە کە پێشتر دانوستانکارانی ئێران بەڵێنی زارەکییان دابوو کە لە کۆتاییدا ئێران بە مەرجە دیاریکراوەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕازی دەبێت، بەڵام لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژی هەینیدا، ترەمپ گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە بەڵێنە زارەکییەکانی ئێران هێندە بەهێز نین کە پشتیان پێ ببەسترێت.

​لە کاتێکدا کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویان کردەوە کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی لەگەڵ واشنتۆن وەستاوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئێران فرەجەمسەرە و پێویستمان بە چەند ڕۆژێکە بۆ وەرگرتنی وەڵام لێیان"، هاوکات هیوای خۆیشی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەربڕی.

​لە دانیشتنێکی ئاشکرادا لەبەردەم کۆنگرێس، ڕوبیۆ ئاشکرای کرد کە ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ دانوستان لەسەر چەند لایەنێکی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە پێشتر ڕەتی دەکردەوە قسەیان لەسەر بکات، جەختیشی لە پێویستیی لەناوبردنی یۆرانیۆمی بەڕێژە بەرز پیتێنراو کردەوە لە قۆناغی دووەمدا، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕێککەوتنە فراوانەکە.

​ڕوونی کردەوە کە واشنتۆن هێشتا دەستی بە گفتوگۆ نەکردووە لەگەڵ تاران سەبارەت بە سامانە سڕکراوەکان، و ئەم دۆسیەیە دواتر دوای جێبەجێکردنی داواکارییە ئەتۆمییەکان تاوتوێ دەکرێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە دانوستانە ئاڵۆزەکان پێویستیان بە کات هەیە، و وڵاتەکەی لێپاڕانەوە بۆ ڕێککەوتن ناکات، بەڵکوو پێدەچێت ئێران بێت کە بەدوای ڕێککەوتندا دەگەڕێت.

​لە بەرامبەردا، ئاژانسی هەواڵی فارس-ی ئێرانی (نیمچە فەرمی) ڕۆژی سێشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستوویەتیەوە کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ئامانجی گەیشتن بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەستاوە.

​بەڵام ئاژانسی میهری ئێرانی - لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی دانوستانکاری ئێرانەوە - ڕایگەیاند کە دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا هێشتا لە تاران لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و تا ئێستا هیچ وەڵامێک نەنێردراوە.

​سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا کە مێژووی واشنتۆن لە پابەندنەبوون و نەبوونی متمانە، پاڵ بە ئێرانەوە دەنێت کە بە توندی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات، و ڕوونیشی کردەوە کە بەهۆی ئەزموونەکانی ڕابردووەوە، وڵاتەکەی هەوڵدەدات گەرەنتیی بەدەستهێنانی دەستکەوتی ڕاستەقینە بکات. هەروەها گوتی: "واشنتۆن لە جەنگ نیگەرانە، ئێمەش لە ڕێککەوتنەکە نیگەرانین".

​سەبارەت بە دۆسیەی لوبنانیش، سەرچاوەکان لە تارانی پایتەختەوە بە کەناڵی ئەلجەزیرەیان ڕاگەیاندووە کە ئاگربەست لە لوبنان بەشێکی بنەڕەتی و گرێیەکی یەکلاکەرەوەیە لە دانوستانەکانی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکادا.

​ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە گواستوویەتیەوە کە تاران ڕۆژی دووشەممە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا هەڵپەساردووە، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر کردەوە. بەرپرسە ئێرانییەکە ئەوەشی گوت کە ئەو گۆڕانکارییانەی دانوستانکارانی ئەمریکا لە کۆتا ساتەکاندا و لە کاتی پشووی کۆتایی هەفتەدا لە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەدا کردوویانە، ئاستەنگی بۆ پێشڤەچوونەکان دروستکردووە، و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمریکییەکان هاوتا ئێرانییەکانیان لە بڕگە نوێیەکانی ڕێککەوتنەکە ئاگادار نەکردووەتەوە.

​لە هەمان چوارچێوەدا، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی لوبنان ڕایگەیاند کە نەبیهـ بەری، سەرۆکی پەرلەمان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە پێگەیشتووە، و ئاماژەی بەوەشدا کە بەری ستایشی پێداگریی ئێرانی کردووە لەسەر ئەوەی کە وەستانی دەستدرێژییەکان بۆ سەر لوبنان ببێتە بڕگەی یەکەم لە هەر ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.

​لە ناو جەرگەی کەشوهەوای ئەم دانوستانانەشدا، هێشتا ئامادەکاری و هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ شەڕ و پێکدادان بوونی هەیە، بە جۆرێک ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە کە بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا لە چەندین کیشوەر ئاستی پاراستنیان بەرزکردووەتەوە وەک خۆئامادەکردنێک بۆ سەرهەڵدانەوەی شەڕ.

​لەسەر ئاستی ئیسرائیلیش، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران، جەختی لەوە کردەوە کە تەل ئەڤیڤ یارمەتیدەر دەبێت لە گەیشتن بە ئامانجی لەناوبردنی ڕژێمی ئێران، کە بە گوتەی ئەو، لەمەودوا هەرگیز نابێتە هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی ئیسرائیل، و وتیشی: "ئیتر ئێران بە بۆمبی ئەتۆمی و هەزاران مووشەکی بالیستی هەڕەشەمان لێ ناکات".

​لە بەرامبەریشدا، ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە گواستوویەتیەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ هەموو سیناریۆ پێشبینیکراوەکان. هەروەها وتی: "ئەگەر دوژمن بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سەربازی، ئەوا جۆری ئۆپەراسیۆنەکە، جوگرافیای شەڕەکە و تەنانەت جۆری ئەو چەکانەی بەکاردەهێنرێن جیاواز دەبن"، جەختیشی لە سووربوونی ئێران کردەوە لەسەر سەروەریی بەسەر گەرووی هورمزدا کە بە یەکێک لە ڕووەکانی هێزی تارانی وەسف کرد.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×