ئێران هێرشێکی کتوپڕ دەکاتە سەر فڕۆکەخانەی کووەیت؛ موشەک و درۆنەکان زیانی گەورە دەگەیەنن و گەشتە ئاسمانییەکان ڕادەگیرێن
  2026-06-03       195       

​دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە کوەیت ڕایگەیاند کە تێرمیناڵی سەرنشینان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوەیت ڕووبەڕووی هێرشێک بووەتەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی، کە بووەتە هۆی برینداربوون و کەوتنەوەی زیانی زۆر لە ژمارەیەک لە دامەزراوەکانی فڕۆکەخانەکەدا، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەستبەجێ پلانی فریاگوزاری کارا کراوە.

ئاوێنە: ​دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕوونی کردەوە کە دەسەڵاتداران بڕیاریانداوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوەیت ڕابگرن و ژمارەیەک لە گەشتەکانیش ئاراستەی فڕۆکەخانە جێگرەوەکان بکەن تا کاتێکی نادیار، ئەمەش وەکو هەنگاوێکی خۆپارێزی بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی گەشتیاران و کارمەندان.

​لە لای خۆیەوە، سوپای کوەیت ڕایگەیاند کە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێری دۆخەکە دەکەن و ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات.

​پێشتریش، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەرەبەیانی چوارشەممە ڕایگەیاند کە سەرکەوتوو بووە لە بەرپەرچدانەوەی شەپۆلێکی هێرشی جۆراوجۆری ئێرانی کە وڵاتانی ناوچەکەی کردبووە ئامانج، و جەختی لەوە کردەوە کە مووشەکە بالیستییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان بپێکن.

​فەرماندەیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە گورزی وردیان وەشاندووەتە وێستگەیەکی کۆنترۆڵکردنی زەمینی سەربازیی ئێران لە دوورگەی قشم، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی دەخرێنە پاڵ تاران.

​لە وردەکارییەکاندا، "سێنتکۆم" ئاماژەی بەوە کرد کە دوو مووشەکی ئێرانی کە ئاراستەی کوەیت کرابوون، پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان کەوتوونەتە خوارەوە یان تێکشکاون، لە کاتێکدا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و بەحرەین دەستبەجێ توانیویانە سێ مووشەک تێکبشکێنن کە بەرەو بەحرەین هەڵدرابوون.

​هەروەها ڕایگەیاند کە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژییان خستووەتە خوارەوە کە دەریاوانە مەدەنییەکانیان کردبووە ئامانج لە کاتی تێپەڕبوونیان بە شێوەیەکی یاسایی بەناو ئاوە هەرێمییەکاندا، و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانی هێزەکانی ئەمریکادا بەهۆی ئەم هێرشانەوە تۆمار نەکراوە.

​لە ڕاگەیەندراوێکی دواتردا، فەرماندەیی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە شەپۆلێکی تری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران هەوڵیان داوە هێزەکانیان لە کوەیت بکەنە ئامانج، بەڵام ئەوانیش شکستیان هێناوە لە پێكانی ئامانجەکانیان، و ئاماژەی بەوە کرد کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمریکا سەرکەوتوو بوون لە خستنەخوارەوەی ژمارەیەکیان بەبێ هیچ زیانێکی گیانی و ماددی.

​لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "بنکەیەکی ئەمریکی لە ناوچەکە" و هەروەها کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکای لە بەحرەین کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ "دەستدرێژی" ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاوەرێکی پەیوەندیکردن لە دوورگەی قشم، کە ئەمەش لەلایەن فەرماندەیی "سێنتکۆم"ەوە بە درۆ خرایەوە.

​سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی "پێشتر هۆشداریمان دابوو کە وەڵاممان جیاواز دەبێت ئەگەر ڕووبەڕووی دەستدرێژی ببینەوە، و دەبێت وەڵامەکەمان ببێتە وانەیەک بۆ دوژمن"، و ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای ئەمریکا ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو نەوتکێشێکی ئێرانی لە نزیک گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ژووری مەکینەکانی.

​لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە کەشتیی "پانایا"ی سەر بە "دوژمنی زایۆنی-ئەمریکی" کردووەتە ئامانج، وەکو وەڵامێک بۆ بە ئامانجگرتنی نەوتکێشە ئێرانییەکە و "پێشێلکردنی یاساکانی تێپەڕبوون لە هورمز"، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە.

​ڕاگەیەندراوەکە هەڕەشەی لە هێزەکانی ئەمریکا کرد، و هۆشداری دا لەوەی کە "تێکدانی ئاسایشی گەرووەکە باجێکی قورس لەسەر سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا دەکەوێت".

​لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای کوەیت ڕایگەیاند کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ڕووبەڕووی "هێرشی دوژمنکارانە"ی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونەتەوە، بەبێ ئەوەی سەرچاوەکەی دیاری بکات. لە کاتێکدا وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین ڕایگەیاند کە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە، و داوای لە هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان کرد "ئارامی بپارێزن و بچنە نزیکترین شوێنی پارێزراو".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×