کوژراوێک و 63 بریندار لە هێرشێکی ئێراندا بۆ سەر کووەیت و وێرانکاری لە فڕۆکەخانە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکاندا
  2026-06-03       171       

دۆخی ئەمنی لە ناوچەی کەنداو گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار، دوای ئەوەی هێرشێکی بەربڵاوی مووشەکی و درۆنی لە لایەن ئێرانەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کووەیت و چەند دامەزراوەیەکی دیپلۆماسی کردە ئامانج. وەزارەتی تەندروستی کووەیت ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشەکەوە هاووڵاتییەکی هیندی کوژراوە و 63 کەسی دیکەش لە نەتەوە جیاوازەکان بریندار بوون.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی کووەیت ڕایگەیاند کە بەهۆی کەوتنەوەی زیانی قورس لە تێرمیناڵی گەشتیاران، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان تا کاتێکی نادیار ڕاگیراون یان گۆڕدراون بۆ فڕۆکەخانە جێگرەوەکان. سوپای کووەیت ئاشکرای کرد کە توانیویانە بەرپەرچی 13 مووشەکی بالیستی و 17 درۆن بگرنەوە، و داوای لە هاووڵاتیان کرد نزیکی پاشماوەی مووشەکەکان نەبنەوە. ئەمە سێیەمین هێرشە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا کە دەکرێتە سەر کووەیت.

وەڵامدانەوەی توندی ئەمریکا و بەحرەین

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە هێزەکانیان بە هاوکاری بەرگری ئاسمانی بەحرەین، شەپۆلێکی گەورەی هێرشەکانی ئێرانیان لە ئاسمانی ناوچەکەدا تێکشکاندووە. وەک وەڵامدانەوەیەکی خێراش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا وێستگەیەکی کۆنترۆڵی سەربازی ئێرانیان لە دوورگەی "قەشم" بۆردومان کردووە.

سوپای پاسداران: وەڵامی هێرشەکەی هورمزمان داوەتەوە

لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکانی گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند کە بنکەکانی ئەمریکا و کەشتیگەلی پێنجەمی لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. تاران ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە وەڵامێک بووە بۆ پێشێلکارییەکانی ئەمریکا و کردە ئامانجی تانکەرێکی نەوتی ئێرانی لە نزیک گەرووی هورمز لە لایەن واشنتنەوە.

کاردانەوەکان

حکومەتی کووەیت هێرشەکەی بە توندی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند کە "چاوپۆشی لەم دەستدرێژییانە ناکات و مافی پاراستنی ئاسایشی خۆی هەیە". هاوکات وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو پاڵپشتی خۆیان بۆ کووەیت دەربڕی و ئەم هێرشەیان وەک پەرەسەندنێکی مەترسیدار بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە وەسف کرد.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×