بنیامین نەتانیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەسەر پرسە سەرەکییەکانی په‌یوه‌ست به ئێران لەگەڵ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا هاوڕان و ده‌شڵێت، دەستپێکردنەوەی شەڕی ته‌واوه‌تی لەگەڵ ئێران به‌نده به بڕیاری تره‌مپەوە.
ئاوێنه: بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، بە تۆڕی سی بی ئێس نیوزی راگه‌یاند، بۆ ئەو گرنگ نییە ئەگەر دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بێئەنجام كۆتاییان بێت.
وتیشی، ئێران هێشتا رازی نه‌بوه یۆرانیۆمه پیتێندراوه‌كه‌ی ببرێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بەڵام گوشارەکان له‌سەر تاران لە زیادبوندان.
نەتانیاهو جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا كاره‌كه له‌دژی ئێران ته‌واو نه‌بوه، بەڵام لاواز كراوه.
ئەو هەروەها وتیشی، دەستپێکردنەوەی شەڕی ته‌واوه‌تی لەگەڵ ئێران به‌نده به بڕیاری دۆناڵد تره‌مپەوە، بەڵام "هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەن. من پێم وایە دەبێت ئێران ئەمە لەبەرچاو بگرێت. پێم وایە ئەوان ئەمە لەبەرچاو دەگرن، بەڵام لە ئێستادا خه‌ریكن یاری بە ئاگر دەکەن. ئەمە ڕونە."
تره‌مپ ئەمڕۆ لە چاوپێكه‌وتنێكدا دانی بەوەدا نا کە گفتوگۆیەکی توندی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهو هەبوەو وتی "بەڵێ هەبو. ناڵێم توڕە بوم، بەڵام لە شەڕە بەردەوامەکەی لەگەڵ لوبنان کەمێک نائارام و نیگەران بوم."
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل‌دا بە باشی هه‌ڵده‌كات.
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" دوێنێ سێشه‌ممه، بڵاویكرده‌وه کە دۆناڵد تره‌مپ، شه‌وی یه‌كشه‌ممه، لە په‌یوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهو، ئه‌وی بە "شێت" ناو بردوەو وتویه‌تی"تۆ... شێتیت. له‌به‌ر من نەبوایە ئێستا لە زینداندا بویت... ئێستا هەموان ڕقیان لێته. هەموان بەهۆی ئەم بابەتەوە ڕقیان لە ئیسرائیلە."