عراقچی: هیچ به‌ره‌وپێشچونێك له‌ دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا نییه‌
  2026-06-03       146       

عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ئێستادا خه‌ریكی تاوتوێكردنی ده‌قی ئه‌و پێشنیارانه‌ن كه‌ ئاڵوگۆڕكراون به‌ڵام هیچ به‌ره‌وپێشچونكێك له‌ دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بونی نییه‌. ده‌شڵێت، ئیسرائیل هێرش بكاته‌ سه‌ر به‌یروت لێی ده‌ده‌ین.

ئاوێنه‌: عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "مه‌یادین"ی لوبنانی وتی"ئێمە لوبنان بە وڵاتێکی برا و دۆستی خۆمان دەزانین و هەرگیز هەوڵمان نەداوە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبناندا بکەین. ڕوانگە و تێبینی خۆمان هەبوە کە ڕوونکردنەوەمان لەسەر داون و حزبوڵڵاش بەشێکی گرنگە لە پێکهاتەی سیاسی لە لوبناندا."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "لوبنان بەشێکی دانەبڕاوە لەو شەڕەی لە نێوان ئێران، ئەمریکا و قەوارەی زایۆنیستیدا هەیە و ڕووبەڕووی دەستدرێژی و هێرش دەبێتەوە. ئێمە پێمان وایە کە چارەنووسی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە چارەنووسی شەڕ لە لوبنان جیاناكرێته‌وه‌."

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ "هەڵوێستەکانمان زۆر ڕوونن؛ پێویستە کۆتاییهاتنی شەڕ و ئاگربه‌ست لە ئێران و تەواوی بەرەکانی مقاوه‌مه‌دا بێت به‌ لوبنانیشه‌وه‌. لە کاتی ئاگربەستدا، داوام لە سەرۆک وەزیرانی پاکستان کرد کە دەستەواژەی "بەتایبەت لوبنان" بخرێتە ناو دەقەکە، کاتێک دەوترێت شەڕ لە هەمو بەرەکاندا راده‌گیرێت. ئەوەی لە کۆتاییدا ڕوویدا، هێنانی ناوی لوبنان بو لەناو ڕێککەوتنی ئاگربەستدا."

وتیشی"ئێمە ئەمڕۆ لەو دانوستانانەی کە بۆ گەیشتن بە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکاندا ئەنجامی دەدەین، بڕگەی یەکەمی یاداشته‌كه‌ كۆتاییهێنانه‌ به‌ شەڕ. لە یەکەم ڕستەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەدا وتومانە کە ڕاگرتنی شەڕ دەبێت لە تەواوی به‌ره‌كاندا بێت لە پێش هەموشیانەوە لە لوبنان."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"چاره‌نوسه‌كه‌ یه‌كه‌و پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌ له‌نێوان ئێران و لوبنان چ له‌ شه‌ڕدا و چ له‌ كۆتاییهاتنیدا. یان دەبێت شەڕەکە لە ئێران و لوبنان پێکەوە بوەستێت، یا نە لە ئێران دەوەستێت و نە لە لوبنانیش."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت"ئەوەی لە ماوەی دو ڕۆژی ڕابردودا شەڕەکەی ڕاگرت، لە پلەی یەکەمدا توانای مقاوه‌مه‌ی لوبنانی بو، لەگەڵ توانای هێزە چەکدارەکانی ئێران. کاتێک کارەکە گەیشتە ئەوەی هێزەکانی قەوارەی زایۆنی هێرش بکەنە سەر زاحیەی باشوری بەیروت، هەڵوێستێکی توند و یەکلاکەرەوەمان وەرگرت و هێزە چەکدارەکانمان ئامادەکارییان کرد بۆ وەڵامدانەوە."

وتیشی"بەڕوونی بە هەموو ئەو لایەنانەم گوت کە پەیوەندیم پێوە کردن، کە دەرئەنجامی هێرشکردنە سەر بەیرووت گەڕانەوەی شەڕ دەبێت، و ئەرکی سەرشانمانە کە ڕووبەڕووی ئەم دەستدرێژییە ببینەوە. سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەی ناوچەکە دەکەم کە بەشدارییان لەمەدا کرد و گرنگییان پێدا، و پێوەندییان بە ئەمریکاوە کرد و گوشاریان خستە سەری. لە کۆتاییدا، ئەمریکا ڕێگری لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت کرد، ئەوەش دوای هەڵوێستەکەی ئێران و دروستکردنی گوشار لەسەری."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، لە هەر ساتێکدا بێت، هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ و لێدانی "ئیسرائیل".

هه‌روه‌ك وتیشی، دانوستانەکان دەکەونە ژێر کاریگەری هۆکارە دەرەکییەکانەوە، ئەمەش شتێکی سروشتییە. لە ئێستادا هیچ شێوازێک له‌ دانوستانه‌كاندا نییە، بەڵام نامە لەگەڵ ئەمریکییەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت. دو ڕۆژ لەمەوبەر، نامەیەکمان بۆ ئەمریکییەکان نارد سەبارەت بە پێویستی ڕاگرتنی هێرش و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، هەموو جیهان دەزانێت کە حزبوڵڵا بەشێکە لە لوبنان، لە کۆمەڵگەکەی و لە سیستەمە سیاسییەکەی. کەس ناتوانێت حزبوڵڵا بسڕێتەوە یان پشتگوێی بخات. وتیشی، لە "ئیسرائیل" دەدەین ئەگەر هێرش بکاتە سەر بەیروت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکییەکاندا نەپچڕاون، بەڵام هیچ به‌ره‌وپێشچونێك لە دانوستانەکاندا بەدی نەهاتوە.

وتیشی، ئێمە و ئەمریکییەکان خەریکی تاوتوێكردنی ئەو دەقانەین کە ئاڵوگۆڕ کراون و کار لەسەر داڕشتنی کۆتایی دەکەین. گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانەکان بەند دەبێت بە دابینکردنی مافەکانی گەلی ئێران و کۆتاییهاتنی شەڕ دژی ئێران و لوبنان هه‌روه‌ها لە ناوچەکەدا.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئەمریکییەکان لە ماوەی 40 ڕۆژی شه‌ڕه‌كه‌دا هەستیان بە توانای ڕاستەقینەی ئێران کرد. ئەمریکا بەدوای داواکاری ناواقیعییەوە بوو وەک گۆڕینی ڕژێم، ئەمەش نەهاتە دی. هەموو حیساباتەکانیان هەڵە بوون؛ ویستیان توانای موشەکیی ئێران لەناو ببەن، بەڵام لەناو نەچوو. ئەمریکا چەندین داواکاری هەبوو کە بەدی نەهاتن و لە کۆتاییدا ناچار بوون داوای دانوستان بکەن. ئەگەر ترامپ عەقڵ بخاتە کار، ئەوا هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ شەڕ.

عێراقچی وتیشی، ئێمە ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ بەردەوامبوون لە شەڕ بۆ ماوەیەکی زۆر درێژخایەن، و توانای سەربازی پێویستیشمان بۆ ئەمە هەیە. ئێمە خاوەنی یەکڕیزی نیشتمانی، گونجانی کۆمەڵایەتی، و جیددییەت و ئیرادەین بۆ ئەوەی لە بەرامبەر هەر هێرشێک دژی وڵاتەکەمان بوەستینەوە؛ دۆخی سەربازیی ئێستامان لە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە باشترە.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش وتی، ئێمە هەرگیز بەدوای شەڕدا ناگەڕێین و ئەم شەڕەش ئێمە دەستمان پێ نەکرد و بە ئەرێنی وەڵامی داواکاری دانوستانمان داوەتەوە. ئێمە ئاشتی و ئاسایشمان دەوێت، بەڵام ئاشتییەك کە لەسەر بنەمای سەربەرزی و کەرامەت بێت. هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەمان بە توندی، بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە و بە توانایەکی گەورەوە ڕووبەڕووی دەبینەوە، و ئەمەشمان لە هەردوو شەڕەکەدا سەلماندووە. کۆتاییهاتنی شەڕ لە دەستی ئەواندا نییە و هەرگیز لە دەستی ئەوانیشدا نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×