ئا: كاوە ڕەش
لەكاتی ئەنجامدانی هێرشێکی توندوتیژدا لەشوێنێکی خواردنگەیەكی كوردەكان، لەشاری بیرمینگهام، شەركەرێك گازی گرتووە لەبەشێک لەگوێی قوربانییەک، بەو هۆیەشەوە هێرشبەرە گوێ خۆرەكە، بۆ ماوەی سێ ساڵ و حەوت مانگ زیندانی کراوەو دواتریش ڕووبەڕووی دیپۆرتکردنەوە دەبێتەوە.
سەرهەد ڕەحمانی، تەمەن 40 ساڵ، لەلایەن دادوەرێکەوە سزادراوە، بەتاوانی هێرش و پەلاماردانی دڕندانە، لەسەر جادەی سۆهۆ، لەشاری بێرمینگهامی بەریتانیا، كەخۆی و دوو کەسی دیکە تێیدا بەشداربوون، لە 14ی نیسانی 2016دا، هێرشیان كردۆتە سەر كوردێك بەناوی شەماڵ عەبدوڵڵا. بەوهۆی ئەو پەلاماردانەوە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ئایار لەدادگای تاجی بیرمینگهام، سەرهەد ڕەحمانی دانی بەئەنجامدان و برینداربوونی نایاساییدا ناوەو، دادوەر سزای ٣ساڵ و حەوت مانگی بەسەردا سەپاندوە. پێدەچێت نیوەی سزاکەی لەزیندان بەسەر ببات و دواتر، ڕادەستی دەسەڵاتدارانی فەرمانگەی کۆچبەری بکرێت بۆ ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی.
هێرشەکە لەو کاتەوە دەستیپێکردوە، کەکەسێکی کورد لە نزیک کاتژمێر ٩ی شەو لەسەر جادەی سۆهۆ، بەبوتڵێک هەڕەشەی لەشەماڵ عەبدوڵڵا دەكات. داواکاری گشتی ڕایگەیاندوە ئەو سێ پیاوە بەردەوام بوون لەڕاوەدوونانی شەماڵ عەبدوڵڵاو دواتر لەناو خواردنگەكەدا
هێرشبەرەکان دەرگایان بەسەردا داخستووەو لەناو چێشتخانەکەدا، بەهێرش لێدان و چەقۆ زامداریان كردوە. لەگەڵ ئەوەش، سەرهەد ڕەحمانی، گازی لەگوێی شەماڵ عەبدوڵڵا گرتووە، بەو هۆیەو توشی خوێنبەربوون و شێواندنی گوێی بۆتەوە.
بەپێی گێڕانەوەكان، لەکاتی دانیشتنەکانی دادگادا، هێرش بەرەكە هیچ پەشیمانییەکی نیشان نەداوە، وەکاتێک سزاكەی بەسەردا سەپێندراوە، بەهاواركردن و سووکایەتی وەڵامی بەدادوەر ی داوەتەوە، لەبەرمبەردا، دادوەر بەهێمنی وەڵامی داتەوە پێی ڕاگەیاندووە; خۆشحاڵم کەتۆم بینی و بڕۆ كاتێكی باش لەزیندان بەسەربەرە.