لە نوێترین پەیامیدا، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، هێرشێکی توندی کردە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوا. ناوبراو ئیسرائیلی وەک "بنکەیەکی سەربازیی سیستەمی هەژمون" وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوەیەک لە هەڵوێستەکانی بەرامبەر بەو وڵاتە پاشگەز نابێتەوە.
ئاوێنە: لە پەیامەکەیدا کە بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیمام خومەینی بڵاوکرایەوە، ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بە خۆڕاگریی گەلی ئێران کرد. ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لە سایەی ئەو دەستکەوتانەی لەلایەن ئیمام خومەینی و خامنەییەوە بەدیهاتوون، شانازی بە سەربەرزی و بەرخۆدانی خۆیانەوە دەکەن. لە هەمان کاتدا، هۆشداری دا لە هەوڵەکانی دوژمن بۆ تێکدانی ئەم خۆڕاگرییە و دروستکردنی دووبەرەکی و ناتەبایی لە ناوخۆی ئێراندا.
موجتەبا خامنەیی ڕوونی کردەوە کە تاران سەرکەوتوو بووە لە پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دوژمن. ناوبراو هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند؛ هەر جۆرە بڵاوکردنەوەیەکی بیری نەرێنی لە نێو خەڵکدا، وەک پشتیوانییەک بۆ دەستدرێژییەکانی دوژمن هەژمار دەکرێت. هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەر هەنگاو و ڕەفتارێک ببێتە هۆی لاوازکردن و داماڵینی ورەی هاوڵاتیان، جۆرێکە لە هاوپەیمانی و هاوکاریکردنی دوژمن.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، خامنەیی تیشکی خستە سەر ستراتیژییەکانی دژ بە ئێران و باسی لە "شەڕی تێکەڵاو" کرد. بە وتەی ئەو، ئەم جەنگە لەسەر بنەمای لاوازکردنی تواناکانی گەلی ئێرانە بۆ بەرەنگاربوونەوە، لەگەڵ تێکدان و شێواندنی هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی وڵاتەکە.
ئەوەشی خستەڕوو کە "سیستەمی هەژمون" هیچ هەل و ڕێوشوێنێک لەدەست نادات بۆ ڕێگریکردن لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئێران، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پلانانە و هەڵوێستەکانی دژی ئیسرائیل سڵ ناکاتەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل قۆناغێکی نوێی بڕیوە. دوژمنایەتیی نێوان ئەم دوو وڵاتە، کە بۆ چەندین دەیە لە شێوەی "جەنگی سێبەر"، ململانێی بەوەکالەت و ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی شاراوەدا بوو، ئێستا گەشەی کردووە بۆ شەڕێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا. هەردوو وڵات نوێنەرایەتی دوو زلهێزی ناوچەیی دژبەیەک دەکەن؛ کە سەرچاوەی سەرەکیی ئەم گرژییە قووڵەش دەگەڕێتەوە بۆ لێکترازانی ئایدیۆلۆژی، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، و دروستکردنی هاوپەیمانییە ناوچەییەکان.
لە ڕووی مێژووییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە هەمیشە ئاڵۆز نەبووە. پێش ساڵی ١٩٧٩، ئێران و ئیسرائیل وەک دوو هاوپەیمانی شاراوە مامەڵەیان دەکرد. بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش، سەرکردایەتیی نوێی ئێران بە خێرایی کۆتایی بە سەرجەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هێنا، هەڵوێستێکی توندی دوژمنکارانەی ڕاگەیاند، و نەهێشتن و لەناوبردنی ئیسرائیلی کردە یەکێک لە ئامانجە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی.