ترەمپ مەرجی قورس دەسەپێنێت: پارە سڕکراوەکان بۆ ئێران ناگەڕێنەوە تا ڕێککەوتنەکە واژۆ نەکرێت
  2026-06-04     

​لە کاتێکدا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە کوێ بگەن، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات گرێداوە بەوەی کە سەرەتا ڕێککەوتنە قۆناغییەکە (کاتییەکە) لەگەڵ تاران واژۆ بکرێت.

ئاوێنە: ​ئەو سەرچاوەیە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە کەناڵی عەرەبیە/حەدەس-ی ڕاگەیاندووە، ترەمپ بە نێوەندگیرەکانی ڕاگەیاندووە کە ڕەتی دەکاتەوە پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە پارە سڕکراوەکان ئازاد بکات.

​هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاستەنگی سەرەکی پەیوەندی بە میكانیزمی مامەڵەکردن بە بەشێک لە پارە سڕکراوەکانی ئێرانەوە هەیە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە تاوتوێی پێشنیازێک دەکرێت بۆ دروستکردنی سندوقێکی تایبەت بە مەبەستی دانانی ئەو پارە سڕکراوانە تێیدا.

​سەرباری ئەوەش، جەختی لەوە کردەوە کە گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ئازادکردنی بەشێک لەم پارانەی ئێران.

​"هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو نییە"

لای خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو لە دانوستانەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاشتیی کاتی ڕووی نەداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادانەکان لە لوبنان بەردەوام بوون سەرەڕای ئەوەی واشنتن ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی ڕاگەیاندبوو. عێراقچی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند کە "هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو لە پرۆسەی دانوستانەکاندا نییە" لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەمەش بەپێی ئەوەی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی گواستوویەتیەوە.

​لێدوانەکانی عێراقچی لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کردبوو.

​لە بەرامبەردا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەیەکی بەرز، تەوەرێکی سەرەکییە لەو دانوستانانەی کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بە چاودێریی پاکستان بەڕێوە دەچن، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە تاران هێشتا ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئاشتی نەداوە.

​چەند هەفتەیەکە ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرقاڵی دانوستانی ناڕاستەوخۆن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. لە کاتێکدا هەفتەی ڕابردوو نیشانەکانی گەشبینی لە ئاسۆدا دەبینران، زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان بڵاویان کردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا هەموارکردنەوەی توندتری لە نوێترین پێشنیازدا کردووە کە ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، لە کاتێکدا تارانیش هێشتا وەڵامی خۆی ڕادەست نەکردووە.

​بەڵام چەند ڕۆژی ڕابردوو جارێکی دیکە گۆڕەپانەکە شایەدی پەرەسەندنی گرژییەکان بوو، ئەمەش دوای ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە گەرووی هورمز، هەروەها بەئامانجگرتنی کوەیت لەلایەن ئێرانەوە، بەتایبەتی فڕۆکەخانەکە.

زۆرترین بینراو
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلاری بۆ گه‌شتیاران به‌ نرخی ره‌سمی دیاریكرد
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
پارتی به‌ڕه‌سمی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند
لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌ربه‌رزم و ملكه‌چی هیچ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوم
نه‌تانیاهو: ته‌له‌فۆنێكی زۆر توندم له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئه‌نجامداو كۆمه‌ڵكوژیی دروزه‌كان راگیرا
بەسێ هۆزات: ئەگەر پێوەری یاسای لێبوردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازاد بکرێت
عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
سی ئێن ئێن: پێنتاگۆن تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
کۆتایی بە سیمکارتی بێسەرەوبەرە دێت؛ مەرجی نوێ بۆ کڕین و تۆمارکردنی سیمکارت لە عێراق دادەنرێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×