ماڵپه‌ڕی ئاكسیۆس بڵاویكرده‌وه، درزی نێوان دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكاو بنیامین نه‌تانیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل گه‌وره‌تر بوه‌و ترەمپ رێككەوتنی لەگەڵ ئێران ده‌وێت و نه‌تانیاهو خوازیاری دەستپێكردنەوەی شەڕە.
ئاوێنه: ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی، له راپۆرتێكدا باسی له‌وه كردوه كه درزی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نه‌تانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەهۆی لوبنانه‌وه گه‌وره‌تر بوه.
ماڵپه‌ڕه‌كه له زاری دو بەرپرسی باڵای ئەمەریکاوه، رایگه‌یاندوه، تره‌مپ رێككه‌وتن و کۆتاییهێنان بە شەڕی ده‌وێت، لە کاتێکدا پێدەچێت نه‌تانیاهو بە نیازی دەستپێکردنەوەی شەڕەکە بێت.
به‌گوێره‌ی ئاكسیۆس، ترەمپ و نه‌تانیاهو هەماهەنگییەكی زۆر نزیكیان هەبوە لەبارەی ئێران و بەشێوەیەكی رۆژانە قسە دەکەن، بەڵام بەرپرسانی هەردولا دەیانزانی لەوەی کە رەنگە ساتێک بێت بەرژەوەندی و ئامانجی هەردو هاوپەیمانەکە لەیەكتر دوربكەوێتەوە، هەندێک لە نزیکەكانی ناته‌نیاهو ترسیان لەوە هەیە کە ئێستا ئه‌و ساته بێت.
پێشتر ئاكسیۆس ئاشكرایكرد كه له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا تره‌مپ له نه‌ته‌نیاهو توڕه‌بوه له‌باره‌ی لوبنان و به شێت ناوی بردوه.
نه‌تانیاهو بەڵێنیدابو هێرشی گەورە بۆ سەر ئامانجەکانی حزبوڵا لە بەیروت ئەنجام بدات، به‌ڵام بەهۆی توڕەیی ترەمپەوە ناچار بو پاشەکشە بکات. به‌پێی ماڵپه‌ڕی ئاكسیۆس، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه كه ترەمپ زیاتر لە خەمی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانە وەک لە لوبنان.