جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی، پەیامێکی توندی ئاراستەی ئێران و حزبوڵڵا کرد و ڕایگەیاند کە گەلی لوبنان بە تەواوی بێزار و ماندوو بووە لەو جەنگەی لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵادا دەگوزەرێت.
ئاوێنە: سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، سەرۆکی لوبنان ئاماژەی بەوە دا کە پڕۆسەی دانوستانەکان زۆر سەخت و دژوار بوون، بەڵام سەرەڕای ئاستەنگەکان، لە کۆتاییدا توانیویانە پێشکەوتنێکی گەورە و بەرچاو (ئیختیراق) بەدەست بهێنن. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنەی کراوە، دەتوانێت ببێتە نەخشەڕێگایەک و هەنگاوێکی گرنگ بەرەو چەسپاندنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی.
لە لێدوانێکی ڕاستەوخۆ و بێپێچوپەنا سەبارەت بە ناوخۆی لوبنان، جۆزێف عۆن ڕایگەیاند کە نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی گەلی لوبنان ناکات و گوزارشت لە خواستی ئەوان ناکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پەنجەی تۆمەتی بۆ سیاسەتەکانی تاران درێژ کرد و بە ئاشکرا ڕایگەیاند: "ئێران، وڵاتی لوبنان وەک کارتی فشار لە دانوستانەکانی خۆیدا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەقۆزێتەوە و بەکاردەهێنێت، ئەمەش کارێکی تەواو قبووڵنەکراوە."
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، سەرۆکی لوبنان پەیامێکی ڕاستەوخۆی وەک ئاگادارکردنەوەیەک ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئێران کرد و پێی وتن: "ئێوە بە هیچ جۆرێک هەوڵی یارمەتیدانی ئێمە نادەن، بەڵکو ئەوە تەنیا گەلی لوبنانە کە بەتەنیا باجی قورسی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی ئێوە دەدات."