نەتانیاهۆ پێشنیازێکی سوپا بۆ ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە؛ "ترەمپ هاوبەشمانە و مەرجەکانمان لە لوبنان وەک خۆیانن"
  2026-06-05       121       

لەکاتێکدا سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل فشار بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی خێرا لە لوبنان دەکات بە مەرجی دروستکردنی ناوچەی دابڕاو و چۆڵکردنی باشووری لیتانی، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە هێشتا هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک لە ئارادا نییە و حزبوڵاش دژی هەنگاوێکی لەو شێوەیەیە.

ئاوێنە: بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی، لە میانی کۆبوونەوەی کابینەی بچووککراوەی ئەمنی و سیاسی (کابینێت)، سەرۆکی ئەرکانی سوپا پێشنیازی ئەوەی کردووە کە ئەگەر مەرجەکانی ئیسرائیل جێبەجێ بکرێن، باشترە هەوڵی خێرا بدرێت بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ لوبنان. هۆشداریشی داوەتە بەرپرسان کە چاوەڕێکردن بۆ چەند مانگێکی دیکە هەر هەمان ئەنجامی دەبێت، بۆیە ئاگربەستی دەستبەجێ بژاردەیەکی گونجاوترە.

دەستەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرایکردووە، سەرۆکی ئەرکان بە ڕوونی بە وەزیرەکانی کابینەکەی وتووە کە بڕیاردان لەسەر قۆناغی داهاتووی جەنگ پەیوەستە بە دەسەڵاتی ئاستی سیاسییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دووپاتیکردووەتەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان یان تەنانەت فراوانکردنیشیان، ئەگەر فەرمانیان پێبکرێت.

لە بەرامبەردا، بنیامین نەتانیاهۆ بە ئەندامانی کابینەکەی ڕاگەیاندووە کە فۆڕمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان "هێشتا بەتەواوی گەڵاڵە نەکراوە" و حزبوڵاش بە توندی دژایەتی دەکات. نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە "لە ئێستادا هیچ ڕێککەوتنێک بوونی نییە".

ئەم لێدوانانەی نەتانیاهۆ لە کاتێکدابوو کە بەشێک لە وەزیرەکان لە کۆبوونەوەکەدا داوای فراوانکردنی بەرەی جەنگیان لە ناوخۆی لوبنان دەکرد، بەڵام سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکان کردەوە.

نەتانیاهۆ لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە و وەک "هاوبەشێکی ستراتیژی" بۆ وڵاتەکەی وەسفی کردووە، ئاماژەی بەوەشداوە کە دەبێت دەرفەتی تەواو بە دانوستان و هەوڵە سیاسییەکان بدرێت. لەم نێوەندەشدا، دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیل ڕوونیکردووەتەوە کە تا ئێستا هیچ ڕێنماییەکی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی ئەگەری پێنەگەیشتووە؛ میکانیزمی کارە سەربازییەکانیش لە لوبنان بەبێ گۆڕانکاری ماونەتەوە و ئۆپەراسیۆنەکان لە بەیروتی پایتەخت هێشتا سنووردارن.

سەبارەت بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەش، بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی ئاشکرایان کردووە کە تەلئەبیب سوورە لەسەر چۆڵکردنی تەواوەتی ناوچەی باشووری ڕووباری لیتانی لە چەکدارانی حزبوڵا و چەکەکانیان. هاوکات، مەرجی هێشتنەوەی ئەو پشتێنە ئەمنی و ناوچە دابڕاوانەی داناوە کە لە ئێستادا هێزەکانی ئیسرائیل لەناو خاکی لوبناندا کۆنترۆڵیان کردوون.

یەکێکی دیکە لە مەرجە قورسەکانی ئیسرائیل، بەدەستهێنانی سەربەستیی تەواوە بۆ کاری سەربازی. تەلئەبیب دەیەوێت تەنانەت دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنیش، مافی لێدانی دەستبەجێی هەر هەڕەشەیەکی هەبێت کە دروست دەبێت. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکانیش لە پەیوەندییەکانی واشنتن و تەلئەبیب، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تێگەیشتنی تەواوی بۆ ئەم داواکارییانەی ئیسرائیل نیشانداوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×