عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی جۆزێف عه‌ون، سه‌رۆكی لوبنان ده‌داته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر ئێران، لوبنانی وه‌كو كارتی مامه‌ڵه‌كردن له‌دانوستانه‌كاندا به‌كاربهێنایه، ده‌مێك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا رێككه‌وتبو.
ئاوێنه: عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له په‌یامێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس وه‌ڵامی لێدوانێكی جۆزێف عه‌ون، سه‌رۆكی لوبنانی دایه‌وه كه وتبوی، ئێران، لوبنان وه‌كو كارتی مامه‌ڵه‌كردن له دانوستانه‌كاندا به‌كارده‌هێنێت.
عراقچی وتویه‌تی "به‌پێی لێدوانه‌كانی جه‌نابی جۆزێف عه‌ون، یه‌كێك نه‌زانێت ئێران یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی خاكی لوبنانی داگیركردوه و یه‌ك له‌سه‌ر چواری لوبنانییه‌كانی ئاواره كردوه‌و رۆژانه ئه‌و وڵاته بۆردومان ده‌كات. لونان له ده‌ستی دوژمنه واقیعییه‌كه‌ی رزگار بكه‌ن جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار."
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، ئه‌گه‌ر ئێران، لوبنانی وه‌كو كارتی مامه‌ڵه‌كردن له دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌كاربهێنایه، ده‌مێك له‌گه‌ڵ واشنتۆن گه‌یشتبونه رێككه‌وتن.
جۆزێف عه‌ون، سه‌رۆكی لوبنان له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی سی ئێن ئێن، رایگه‌یاند، ئێران و حزبوڵا، لوبنان وه‌كو "كارتی مامه‌ڵه‌كردن" له دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌كارده‌هێنن.
سه‌رۆكی وتیشی، "خه‌ڵك لوبنان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران، باجی ئه‌م دۆخه ده‌ده‌ن و له شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا ماندوبون."
عه‌ون داوای له ئێران كرد، ده‌ستوه‌ردان له وڵاته‌كه‌یاندا نه‌كات و هۆشداریشی دایه حزبوڵا كه دیپلۆماسی ته‌نیا رێگه‌چاره‌ی ململانێكانه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.
هه‌روه‌ك سه‌رۆكی لوبنان له په‌یامێكدا بۆ سوپای پاسدارانی ئێران وتی "ئه‌مه وڵاتی ئێوه نییه، وڵاتی ئێمه‌یه... ئه‌ركی ئێوه نییه ده‌ستوه‌ردان له وڵاتی ئێمه‌دا بكه‌ن."