لە پێشهاتێکی نوێی ئەمنیدا لە ناوچەی کەنداو، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووی دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران ڕاگەیاند، دوای ئەوەی توانیویانە دوو درۆنی ئەو وڵاتە لە سنووری گەرووی هورمز بخەنە خوارەوە.
ئاوێنە: لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە ئەمرۆ یەکشەممە (٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) لە لایەن سێنتکۆمەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە مەترسییان بۆ سەر جووڵەی دەریایی و کەشتییە بازرگانییەکان دروستکردبوو، بۆیە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج و خراونەتە خوارەوە.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا پەیامێکی ڕوونی ئاڕاستەی تاران کردووە و ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان لە ناوچەکەدا لە ئامادەیی تەواو و بێوچاندادان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر سیناریۆیەک. سێنتکۆم دەڵێت چاودێرییەکی چڕی هێزەکانی ئێران دەکەن و پابەندبوونی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریایی و هێنانەدی سەقامگیری هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووپات دەکەنەوە، بە شێوەیەک کە ڕێگە بە هیچ دەستدرێژییەک نادەن.