فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بە فەرمی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغی گواستنەوەی سووریا و داواکارییەکانی حکومەتی کاتی ڕاگەیاند. لە کاتێکدا حکومەتی کاتی داوا دەکات هێزەکانی یەپەژە بچنە چوارچێوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە، ئەو هێزە ئەو پێشنیازە ڕەتدەکاتەوە و جەخت لە جێگیرکردنی پێگەکەی وەک هێزێکی تایبەت بە پاراستنی ژنان لەناو دەستووری نوێ و سوپای داهاتووی سووریادا دەکاتەوە.
ئاوێنە: ڕۆهڵات عەفرین، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەپەژە، لە لێدوانێکدا هۆشداری دا لە مەترسییەکانی داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ کە لەسەر بنەمای نایەکسانی و پەراوێزخستنی فرەڕەنگی بێت. بە گوتەی ناوبراو، دەستوورێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سیستەمێکی ناوەندی کە گوزارشت لە سەرجەم پێکهاتەکان ناکات. بۆ ڕێگریکردن لەم ئەگەرەش، ناوبراو داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە.
ناساندنی یەپەژە وەک زامنێک بۆ مافەکانی ژنان
سەبارەت بە مەترسییەکانی هێشتنەوەی پێگەی یەپەژە بۆ سەر قۆناغی ڕاگوزەری، ئەو فەرماندەیەی یەپەژە ڕوونیکردەوە کە داواکارییەکانیان هیچ زیانێک بە حکومەتی کاتی یان بونیادی سووریای نوێ ناگەیەنێت. بە پێچەوانەوە، ئەو پێی وایە جێکردنەوەی یەپەژە لە چوارچێوەی ناسنامە و پێگەی فەرمیی دەوڵەتدا، دەبێتە زامنێک بۆ پاراستنی مافەکانی تەواوی ژنانی سووریا بە گشتی، ژنانی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەفرین ئاماژەی بەو ناوبانگە جیهانییە کرد کە هێزەکانیان لە ڕێگەی قوربانیدانی هەزاران چەکداریانەوە بەدەستیان هێناوە. بۆ پاراستنی ئەم میراتەش، بانگەوازی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی مافی ژنان، چالاکوانان و مێژوونووسان کرد کە پشتیوانی لە مانەوەی پێگەی یەپەژە بکەن، کە بە بڕوای ئەو دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ سەقامگیری و ئارامی لە سووریادا.
هەڵوێستی نەگۆڕ و ئامادەکاری بۆ قۆناغی ناسەقامگیری
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو خاڵانەی کە یەپەژە بە هیچ شێوەیەک سازشیان لەسەر ناکات، ڕۆهڵات عەفرین گەڕایەوە بۆ سەرەتای ڕووداوەکانی ١٩ی تەمووز کە وەک "شۆڕشی ژنان" ناوی برد، و دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان بریتییە لە مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێدا و کۆتایی نەهێنان بە یەپەژە وەک هێزێکی پاراستن.
ئەو بەرپرسەی یەپەژە قۆناغی ئێستای سووریای بە قۆناغێکی ناسەقامگیر و ناڕوون وەسف کرد، کە تیایدا نەخشەڕێگەی داهاتوو بە تەواوی دیاری نەکراوە. لەبەر ئەم هۆکارە، ناوبراو گرنگیی هۆشیاریی "خۆپاراستن"ی بۆ ژنان بە پێویستییەکی هەنووکەیی زانی و داوای لە ژنان کرد خۆیان لەو ڕووەوە ئامادە بکەن و پەروەردە ببن.
بانگەواز بۆ ژنانی کوردستان و سووریا
لە کۆتاییدا، ڕۆهڵات عەفرین ئاماژەی بەوە کرد کە قۆناغێکی نوێی ململانێ لە سووریا دەستی پێکردووە و پێویستە دەستکەوتەکانیان بپارێزن کە وەک مۆدێلێکی خۆپاراستن لەسەر ئاستی جیهان و کوردستاندا ناسراوە. لەم چوارچێوەیەشدا، بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد کە لەسەر بنەمای هۆشیاریی خۆپاراستن خۆیان ڕێکبخەنەوە و پێداگری لەسەر داواکارییەکانیان بکەن.