سوپای پاسداران رایگه‌یاند، له هێرشه‌كه‌ی ئه‌مشه‌ویاندا بۆ سه‌ر ئیسرائیل بنكه‌ی ئاسمانی رامات ده‌یڤید-یان له باكوری وڵاته‌كه كردۆته ئامانج كه له‌وێوه هێرش كراوه‌ته سه‌ر لوبنان. ده‌شڵێت، ھێرشه‌كه هۆشدارییه‌ك بوه‌و له ئه‌گه‌ری دوباره‌بونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی ئیسرائیل، وه‌ڵامدانه‌وه‌كانمان فراوانتر ده‌كه‌ین به‌شێوه‌یه‌ك كه ته‌واوی ئامانجه ئه‌مریكی و ئیسرائیلییه‌كان له ناوچه‌كه بگرێته‌وه.
ئاوێنه: سوپای پاسدارانی ئێران له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، له وه‌ڵامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل‌دا بۆ سه‌ر باشوری لوبنان و ئاواره‌كردنی به‌رفراوانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌دا، ئه‌مشه‌و به چه‌ند موشه‌كێكی بالیستی هێرشیان كردۆته سه‌ر بنكه‌ی ئاسمانی رامات ده‌یڤید، كه سه‌رچاوه‌ی ده‌ستدرێژییه‌كان بوه بۆ سه‌ر لوبنان.
سوپای پاسدارانی ئێران هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، كه قبوڵكردنی ئاگربه‌ست له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یه‌وه مه‌رجداربوه به راگرتنی شه‌ڕ له ته‌واوی به‌ره‌كان، به‌ڵام وه‌كو هه‌میشه ئه‌مریكا و ئیسرائیل پابه‌ندنه‌بون به به‌ڵێنه‌كانی خۆیانه‌وه‌و هه‌م به‌رده‌وامیان به ده‌ستدرێژییه‌كان بۆ سه‌ر لوبنان دا‌و هه‌میش به هێرشكردنه سه‌ر كه‌ناراوه‌كانی و كه‌شتییه ئێرانییه‌كان له گه‌روی هورمز، ده‌ریای عومان و زه‌ریای هیند، پێشێلی ئاگربه‌ستیان كرد.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه هێرشه‌كانی ئه‌مشه‌و هۆشدارییه‌ك بوه‌و له ئه‌گه‌ری دوباره‌بونی ده‌ستدرێژییه‌كاندا، وه‌ڵامدانه‌وه‌كانمان فراوانتر ده‌بن به‌شێوه‌یه‌ك كه ته‌واوی ئامانجه ئه‌مریكی و ئیسرائیلییه‌كان له ناوچه‌كه بگرێته‌وه.