میدیاکانی ئیسرائیل کوژرانی ئەحمەد وەحیدی ڕادەگەیەنن؛ تارانیش تا ئێستا بێدەنگە
  2026-06-08     

لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکان، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باس لە کوژرانی کەسی یەکەم و دەسەڵاتداری سەرەکیی ئێستای سوپای پاسداران دەکەن لە هێرشەکانی سەر تاران. پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە دەبێتە گەورەترین گورزی سەربازی لە سەرەتای جەنگەکەوە.

ئاوێنە: ​دوای تێپەڕبوونی تەنها چەند کاتژمێرێک بەسەر هەڕەشە توندەکانی تاران، میدیاکانی ئیسرائیل هەواڵی کوژرانی عەمید ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە میانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی سەر شاری تاران بڵاوکردەوە. سەرباری گرنگی و هەستیاریی بابەتەکە، تا ئێستا لایەنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕەتکردنەوە یان پشتڕاستکردنەوەی مەرگی ئەم فەرماندە باڵایە بڵاونەکردووەتەوە.

​چاودێرانی سیاسی و سەربازی پێیان وایە، ئەگەر ئەم پەرەسەندنە بە فەرمی پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا بە گەورەترین گورز دادەنرێت کە بەر بنکەی بڕیاردانی سەربازیی ئێران کەوتبێت لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە.

​ئەحمەد وەحیدی لە پاش کوژرانی محەمەد پاکپور لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە، پۆستی فەرماندەیی گشتیی سوپای پاسدارانی وەرگرتووە. لەو کاتەوە ناوبراو بە "پیاوی یەکەم و بەهێزترین سەرکردەی ئێران" وەسف دەکرێت.

​بەپێی شیکاریی چاودێران، بەهۆی ئەوەی موجتەبا خامنەیی، مورشیدی نوێی ئێران، لە ئێستادا بەهۆی بریندارییەوە ناچالاکە، ڕۆڵی یەکەم و کۆتایی سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی ئێران کەوتبووە دەست ئەحمەد وەحیدی.

​گرنگترین وێستگە و زانیارییەکان لەسەر ئەحمەد وەحیدی:

​بڕیاردەری یەکەم لە وڵاتدا: بەهۆی نادیاریی دۆخی تەندروستیی موجتەبا خامنەییەوە، وەحیدی لە پاڵ کۆمەڵێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، سەرکردایەتیی ڕاستەقینەی جەنگ و بڕیارە ستراتیژییەکانی ئێرانیان لە ئەستۆ بووە.

​دامەزرێنەری فەیلەقی قودس: وەحیدی وەک یەکەم فەرماندە و دامەزرێنەری فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران دەناسرێت، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٧ و پێش قاسم سولەیمانی ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە.

​هەڵوێستی توندڕەوانە: ناوبراو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بە یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانی هەرجۆرە دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دادەنرا، و بەردەوام پێداگریی لەسەر درێژەدان بە جەنگ دەکرد.

زۆرترین بینراو
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلاری بۆ گه‌شتیاران به‌ نرخی ره‌سمی دیاریكرد
پارتی به‌ڕه‌سمی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند
لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌ربه‌رزم و ملكه‌چی هیچ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوم
نه‌تانیاهو: ته‌له‌فۆنێكی زۆر توندم له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئه‌نجامداو كۆمه‌ڵكوژیی دروزه‌كان راگیرا
بەسێ هۆزات: ئەگەر پێوەری یاسای لێبوردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازاد بکرێت
عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
سی ئێن ئێن: پێنتاگۆن تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
کۆتایی بە سیمکارتی بێسەرەوبەرە دێت؛ مەرجی نوێ بۆ کڕین و تۆمارکردنی سیمکارت لە عێراق دادەنرێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×