ناتانیاهۆ: ڕێگە بە سەپاندنی هاوکێشەی نوێ لەلایەن ئێرانەوە نادەین و هێرشەکانمان لە لوبنان بەردەوام دەبن
  2026-06-08       159       

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی دواین پێشهات و پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە بڵاوکردەوە، کە تێیدا چەند پەیامێکی ڕوونی ئاڕاستەی تاران کردووە و تیشکی خستووەتە سەر ستراتیژی وڵاتەکەی لە قۆناغی داهاتوودا.

ئاوێنە: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک پابەندی ئەو هاوکێشە نوێیە نابێت کە ئێران دەیەوێت لە ناوچەکەدا جێگیری بکات. بەپێی گوتەکانی ناتانیاهۆ، ئیسرائیل ئەو بنەمایە قبووڵ ناکات کە تێیدا هاتووە "هەر کاتێک زۆنی باشووری بەیرووت بۆردوومان بکرێت، ئێران ڕاستەوخۆ خاکەکەیان بکاتە ئامانج"، و جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە مەرجانە ڕێگەپێدراو نین.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سوپای ئیسرائیل لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و پێویستییە ئەمنییەکانی خۆی، بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هێرش و چالاکییە سەربازییەکانی لە سەرانسەری خاکی لوبناندا و جموجۆڵەکانیان لەو ناوچەیەدا ڕاناوەستن.

لە پەرەگرافێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئیسرائیل وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پەلامارەکانی پێشووی تاران، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ئامانجی جۆراوجۆر و گرنگیان لە ناوخۆی خاکی ئێراندا پێکاوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەیی تەلئەڤیب بۆ وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×