جەی. دی. ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە دڵنیایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕێگە نادات جەنگی لەگەڵ ئێران ببێتە "زەلکاوێک" کە ئەمریکا بۆ چەندین ساڵ بەبێ ئەرک، ئامانج یان دیدگایەکی ڕوون تێیدا گیر بخوات. بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە لە ئەگەری شکستهێنانی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران، هێشتا بژاردەی سەربازی بەدوور نازانرێت.
ئاوێنە: ڤانس ڕۆژی سێشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "یو ئێس ئەی تودەی" گوتی: "زۆر دڵنیام کە ساڵێکی دیکە باس لە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ئێران ناکەین، و بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخە چەندین ساڵ بەردەوام نابێت."
هەروەها ڕوونیکردەوە کە "ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە ئێران نابێتە جەنگێکی درێژخایەن وەک ئەوەی لە عێراق و ئەفغانستان ڕوویدا، هەرچەندە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان هێشتا بەردەوامن و تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجام."
"ئامرازی دیکەش هەن"
ڤانس ئەگەری چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پێش کۆتاییهاتنی جەنگی بەدوور نەزانی و گوتی ئەگەر چەندین مانگ دانوستان نەگاتە ڕێککەوتن، بژاردەی دیکە لە بەردەستی حکومەتی ئەمریکادایە.
زیاتر گوتیشی: "پێموایە سەرکەوتوو دەبین، بەڵام ئەگەر دیپلۆماسی لە کۆتاییدا شکست بهێنێت، سەرۆک ئامرازی دیکەی لە بەردەستدایە."
هەڵوێستی ئێران و ڕێککەوتنی ئەتۆمی
ڤانس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"یش ڕایگەیاند کە "ئێران ئارەزووی بەردەوامبوونی جەنگی نییە، چونکە ئەم جەنگە لە بەرژەوەندیی ئەودا نییە و تاران پرسگەلێکی جدی و گرنگی خستووەتە سەر مێزی دانوستانەکان."
هەروەها یەکێک لە گرنگترین لاوازییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشووی بۆ نەبوونی میکانیزمێکی پشکنینی کاریگەر گەڕاندەوە کە دڵنیایی بدات لە پەرەنەسەندنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، و جەختی کردەوە: "ترەمپ پێیوایە کە دەکرێت بگەینە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لەم ڕووەشەوە ڕاست دەکات."
جیاوازی بیروبۆچوون لەگەڵ ئیسرائیل
جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل گوتیشی کە لە هەندێک دۆسیەدا، بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب بە تەواوی وەک یەک نین و جیاوازی بیروبۆچوون لە نێوان هەردوو لادا هەیە.
ئەم جەنگە لە ٢٨ی شوبات دەستیپێکرد؛ کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵمەتێکی هاوبەشی بۆردومانیان دژی ئێران دەستپێکرد. پاشان ئەمریکا لە مانگی نیسان گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان تاران و واشنتۆنی ڕاگەیاند.
سەرەڕای ئەمەش، لەم ڕۆژانەی دواییدا هێرشی ئاڵوگۆڕکراو لە نێوان هەردوو لادا بینرا. دوای ئەوەی ئێران لە کاردانەوەی هێرشکردنە سەر باشووری بەیرووت مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، ئیسرائیلیش چەندین ئامانجی لە ناوخۆی ئێراندا بۆردومان کرد.
ئێران و ئیسرائیل پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ڕاگەیاندنی ئاگربەستیان بڵاوکردەوە، بەڵام هەردوو لا هۆشدارییان داوە کە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لەلایەن بەرامبەرەوە، ئەگەری گەڕانەوە بۆ ناو ململانێکان هەیە.