ترەمپ: ئێرانییەکان لەگەرووی هورمز ئاپاچیەکیان خستە خوارەوە، بێ وەڵام نابێت
  2026-06-09       251       

دۆناڵد ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات کە ئێرانییەکان لەگەرووی هورمز ئاپاچیەکی ئەمریکایان خستوەتە خوارەوەو بێ وەڵام نابێت، ترەمپ دەڵێت "هەردوو فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە سەلامەتن و تەندروستیان باشە".

 

ئاوێنە: ترەمپ لەپۆستێکیدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال، ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی ئەپاچی لەگەرووی هورمزدا ​​خستوەتە خوارەوەو دەڵێت "ئەمریکا دەبێت وەڵامی ئەم هێرشە بداتەوە".

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هەردوو فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە سەلامەتن و بریندار نین.

دۆناڵد ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "تازە لەلایەن هێزە چەکدارە مەزنەکەمانەوە ئاگادارکرامەوە کە شەوی ڕابردوو ئێرانییەکان یەکێک لە هەلیکۆپتەرە پێشکەوتووەکانی ئاپاچیمان لە کاتی دەوریەی سەر گەرووی هورمزدا ​​خستە خوارەوە. کۆپتەرەکە دوو فڕۆکەوانی لەناودا بوو، کە سەلامەتن و هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا دەبێت وەڵامی ئەم هێرشە بداتەوە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەکسیۆس کە بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی، هەلیکۆپتەرە ئەپاچیەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانییەوە خراوەتە خوارەوە.

بەپێی ئامارەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)، شوێنی ئەو دوو فڕۆکەوانە لەلایەن کەشتییەکی زەمینی بێ سەرنشینی هێزی دەریایی ئەمریکاوە دۆزراونەتەوە.

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکە نزیکەی دوو کاتژمێر دوای ڕووداوەکە تەواو بووە و باری تەندروستی دوو ئەندامی خزمەتگوزارییەکە جێگیرە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئیسرائیل و ئێران دوای پەیوەندییەکی ترەمپ ڕایانگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر ڕادەگرن، بەڵام تاران هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر هاوپەیمانەکەی، حزبوڵای لوبنان، شەڕ دەستپێدەکاتەوە.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×