دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە نزیکبووەتەوە لە دەرکردنی فەرمانی وەشاندنی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران و جەختیشی کردەوە کە تاران کاتێکی زۆری لە دانوستانەکاندا بەفیڕۆ داوە، لە کاتێکدا ئەو دانوستانانە دەتوانرا ببنە هۆی ڕێککەوتنێک کە دەستکەوتی گەورەی بۆ بهێنایەدی.
ئاوێنە: ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، کە لە لێواری دەرکردنی فەرماندایە بۆ ئەنجامدانی هێرش گەلێک کە وێستگەکانی وزە و پردەکان لە ناوخۆی ئێراندا بکەنە ئامانج.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە بە وتەی خۆی، تاران بەهۆی درێژکردنەوەی ماوەی دانوستانەکانەوە باجەکەی دەدات.
ترەمپ وتیشی ئێران تەنها قسە دەکات بێ ئەوەی هیچ کردارێکی هەبێت، و پێی وابوو کە "سەردەمی چەوسێنەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی کۆتایی هاتووە"، وەک خۆی وەسفی کردووە.
ههروهها ئاماژەی بەوەش کرد کە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، سەرکەوتووترین گەمارۆیە لە مێژووی جەنگی دەریاییدا.
ترەمپ دۆخی سوپای ئێرانیشی بەوە وەسف کرد کە لە ناو گێژاوێکی گەورە و سەرلێشێواوییەکی هەمەلایەنەدا دەژیت، وتیشی کە زۆرێک لە پێکهاتەکانی، لەوانەش هێزی دەریایی و ئاسمانی، چیتر بوونیان نەماوە، بەپێی وتەی خۆی.
لە بەرامبەردا، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە شاندی دانوستانکاری قەتەری ئەمڕۆ گەیشتوونەتە تاران، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، دوای ئەو ڕاوێژانەی کە لەگەڵ واشنتۆن ئەنجامیان دابوو.