وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیا دەلێت، ناتانیاهۆ ویستی كوردی عێراق و ئێران وەك بەكرێگیراو لە دژی ئێران بەكاربهێنێت، بەڵام كورد نەچووە پاڵ ئەم تۆڕە تاوانكارە.
ئاوێنە: عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، ڕایگەیاند، هیچ کەسێک لەسەر ئەم زەوییە باوەڕی بەوە نییە سوپای ئیسرائیل کە کۆمەڵکوژی لە غەززە ئەنجام دەدات، سوپایەکی ئەخلاقییە.
چەلیک لە لێدوانێكدا ئیدانەی قسەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیی کرد، بەهۆی ئەوەی ئەردۆغانی بە دیكتاتۆر ناوبردبوو، بە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی دژی كورديش تۆمەتباری كرد.
چەلیک ئاماژەی بەوەدا، ناتانیاهۆ لە لێدوانەکانیدا تورکیای تۆمەتبار کردووە بە ئەنجامدانی جینۆساید دژی کورد، ئەمە پڕوپاگەندەی ڕەشە کە زۆرجار پەنای بۆ دەبات.
وتیشی، ئەمە لایەنێکی بە ئازار هەیە، ئەویش ئەوەیە، کاتێک هێرشیان کردە سەر ئێران، هەوڵیان دا برا کوردەکانمان لە ئێران و عێراق وەک بەکرێگیراو بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن، بەڵام برا کوردەکانمان لە عێراق و ئێران بە ژیرانە لە دیوی راستی مێژوو وەستان و نەچوونە پاڵ ئەم تۆڕە ئەنجامدەرەی کۆمەڵکوژی.
ڕاشیگەیاند، ئیسرائیل بەردەوام هەوڵ دەدات سیاسەتی بەكارهێنانی كورد لە دژی تورکیا پەیڕەو بکات، لەگەڵ هەندێک عەرەب و برا دروزەکانمان و برا نوسەریەکانمان و برا عەلەوییەکانمان هەمان شت دەکات، هەروەها هەوڵدەدات ئەم کارە لەگەڵ هەندێک لە برا شیعەکانمان بکات، ئیتر کەس باوەڕ بە درۆی ئەم تۆڕەی تاوانبارانی کۆمەڵکوژییەکان ناکات.
وتەبێژی ئاکەپە وتیشی: هەرکاتێک باس لە دەستەواژەی جینۆساید کرا، یەکەم شت کە دێتە بەرچاو تۆڕەکەی ناتانیاهۆیە.