وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و داوا لە میدیاکان دەکات چاوەڕێی ڕاگەیاندنی فەرمی بن.
ئاوێنە: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی لە پلاتفۆرمی «ئێکس» نووسیویەتی: «یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لە هەر کاتێکی دیکە نزیکترە لە جێبەجێکردن». عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە میدیاکان خۆیان لە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و بەلاڕێدابردنی ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە بەدوور بگرن.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشدا کە لە چوارچێوەی سیاسەتی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی حکومەتی وڵاتەکەی، سەرجەم وردەکاری و بڕگەکانی ئەو یاداشتنامەیە لە کاتی گونجاودا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێن.
ڕوونکردنەوە لەبارەی دەنگۆی ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن
ئەم لێدوانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە میدیاکانی ئێران بە توندی ئەو دەنگۆیانەیان ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەنێوان واشنتن و تاراندا هەبێت و بڕیار بێت لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوودا واژۆ بکرێت.
پێشتر ئاژانسی «بڵومبێرگ»ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە واشنتن و تاران ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە جنێڤ، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن. ئاژانسەکە ڕوونیشی کردبووەوە کە ئەم واژۆکردنە سنووردار دەبێت بە یاداشتێکی پێشوەختە و بە واتای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی نایەت.
لەم چوارچێوەیەدا، تاران بە فەرمی ئەو زانیارییانەی ڕەت کردەوە کە لە سەرچاوە ئەمریکییەکانەوە سەبارەت بە ناوەڕۆک و وادەی واژۆکردنی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک بڵاوکراونەتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە تەنها ئەو زانیارییانە جێگەی باوەڕن کە لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانی ئێرانەوە ڕادەگەیەنرێن.