شەرع بێدەنگی دەشکێنێت: سووریا ناچێتە ناو لوبنانەوە
  2026-06-12       313       

ئاژانسی فرانس پرێس، ڕۆژی هەینی (١٢ی حوزەیران)، لە زاری دوو سەرچاوەی ئامادەبووی کۆبوونەوەکەوە بڵاوی کردەوە کە ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، ڕۆژی پێنجشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ میوانەکانیدا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە دیمەشق هیچ مەبەستێکی بۆ چوونە ناو لوبنان نییە و ئەوەی لەم بارەیەوە بڵاو دەکرێتەوە تەنها پڕوپاگەندەیە.

​ئاوێنە: سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی ڕۆژی پێنجشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان لە دووی ئادارەوە، گوشاری خستووەتە سەر سووریا بۆ ئەوەی لە وڵاتی دراوسێی کە سنوورێکی درێژیان پێکەوە هەیە، دژی حیزبوڵڵا دەستوەردان بکات.

​یەکێک لەم سەرچاوانە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە شەرع لە دیدارەکەیدا لە کۆشکی گەل لەگەڵ شاندێک کە پێکهاتبوو لە زیاتر لە ٧٠ کەسایەتیی دیاری گوندەوارەکانی دیمەشق، باسی لە پرسی لوبنان کردووە.

​بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرۆک کۆماری سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە کە «ئەوەی لە بارەی چوونە ناوەوەی سووریا بۆ ناو لوبنان بڵاو دەکرێتەوە، هیچی تر نییە جگە لە دەنگۆ و پڕوپاگەندە.»

​نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا ڕۆژی پێنجشەممە وێڕای ئاماژەدان بە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە، باسی لەوە کردووە کە تیایدا گفتوگۆ لەسەر پرسە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانەکان کراوە کە جێی بایەخی دانیشتووانی گوندەوارەکانی دیمەشقن. لەم ڕاگەیەندراوە فەرمییەدا هیچ ئاماژەیەک بە لێدوانەکانی شەرع سەبارەت بە لوبنان نەکراوە.

​ئەم لێدوانانەی شەرع لە کاتێکدایە کە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان هێشتا بەردەوامە. لە هەمان کاتدا، دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان بەرپرسانی لوبنانی و ئیسرائیلدا بەڕێوە دەچێت؛ هەنگاوێک کە گرووپی حیزبوڵڵا بە توندی دژایەتی دەکات.

​دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لەم دواییانەدا ئاماژەی بە ئەگەری داواکردن لە سووریا کرد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن دژی حیزبوڵڵا و وتبووی: «دەمەوێت لوبنان ژیانێکی باشترى هەبێت. دەمەوێت شاهیدی هەنگاوی کاریگەرتر بم دژی حیزبوڵڵا. ئێمە دەتوانین لەم بوارەدا یارمەتیدەر بین یان ئەم بابەتە ڕادەستی سووریا بکەین.»

​لە هەمان کاتدا، نوورەدین ئەلبابا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند کە دیمەشق بۆ «پاراستنی ئاسایشی لوبنان و سەروەریی خاکی لوبنان» پشتیوانی لە جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان دەکات.

​ناوبراو زیاتر وتی: «ڕەزامەندیی لایەنی لوبنانی و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی برای لوبنان، بنەمای سەرەکیی هەر ڕۆڵێکە کە لەوانەیە سووریا لە یارمەتیدان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکانی لوبناندا بیگێڕێت.»

​ئەلبابا سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپیش وتی: «لایەنەکانی سووریا و لوبنان لە هەر کەسێکی تر زیاتر توانای لێکدانەوەی ئەم لێدوانانەیان هەیە و دەتوانن لەسەر چوارچێوەیەک ڕێکبکەون کە لە خزمەتی دیدگای هاوبەشی عەرەبی و بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا بێت.»

​پەیوەندییەکانی سووریا و لوبنان هێشتا لەژێر کاریگەریی میراتی دەیان ساڵەی هەژموونی دیمەشقدایە لەسەر لوبنان؛ هەژموونێک کە بە کشانەوەی هێزەکانی سووریا لە لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٥ کۆتایی هات. سەرەڕای ئەوەش، هێشتا دۆسیە چارەسەرنەکراوەکانی وەک دیاریکردنی سنوورەکان، ڕەوشی پەنابەرانی سووری و هەماهەنگییە ئەمنییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا ماونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×