ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی مانگی داهاتوو ئەنجامدەدرێت
  2026-06-13       204       

دوای تێپەڕینی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر کوژرانی عەلی خامنەیی لەهێرشێکی ئەمەریکاو ئیسرائیلدا، نووسینگەی ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی پلانەکانی بەخاکسپاردنی ناوبراوی ڕاگەیاند.

 

 

ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی عەلی خامنەیی، پرسەکەی لەڕۆژی ٣ تەموز لەتاران دەستپێدەکات و لە کۆتاییدا ڕێوڕەسمی پرسە و ناشتنی ڕۆژی ٨ی تەمموز لە شاری مەشهەدی زێدی خۆی بەڕێوە دەچێت و تەرمەکەی لە مەزارگەی ئیمامی هەشتەمی ئێزدی بەخاک دەسپێردرێت.

هەروەها لەو ڕاگەیاندنە بڵاوکراوەدا هاتووە کە تەرمی چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی عەلی خامنەیی لەوان میسباحولهەدا باغەریکانی، بەشاری حوسێنی خامنەیی، زەهرا حەداد عادل و زەهرا محەمەدی گۆڵپەیگانی لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەم ڕێوڕەسمەدا بەخاک دەسپێردرێن.

هەروەها لە هەمانکاتدا پرسە و رێورەسمی بەخاکسپاردنی ژمارەیەک ئەندامی دیکەی بنەماڵەی خامنەیی ئەنجامدەدرێت کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران لە٢٨ی شوباتدا لەگەڵیدا کوژران.

بڕیارە ئەو ڕێوڕەسمە لەشارەکانی تاران، قوم، و مەشهەد بەڕێوە بچێت.

محەممەد ئەمین تاوەکولیزادە جێگری کاروباری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی شارەوانی تاران ڕایگەیاندووە کە سپای پاسداران بەرپرسی بەەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمەیەو ئامادەکاری کراوە بۆ بەشداریکردنی ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن کەس لەتارانی پایتەخت.

 

عەلی خامنەیی بۆ ماوەی ٣٧ ساڵ رابەرایەتی کردو دووهەمین سەرکردەی سەدەی بیست و بیست و یەکەمی ئێران بوو کە ئەو ماوە زۆرە لەدەسە:اتدا بمێنێتەوە، دوای محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی.

موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەیی لە ٧ی مارسدا وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەڵبژێردرا و لە دوای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ بووەتە سێهەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، موجتەبا لەو کاتەوە تا ئێستا لەبەردەم خەڵکدا دەرنەکەوتووە، ناوبراو لەهێرشەکەدا بۆ سەر بارەگای خامنەیی، بریندار بووەو تەنیا لەڕێگەی نامەوە لێدوانەکانی بڵاودەکرێتەوە.

خامنەیی لە 19ی نیسانی ساڵی 1939 لەدایکبووە، لە ساڵی 1981 دوای تیرۆرکردنی محەمەد عەلی ڕەجایی، بەڕێژەی (97%) بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا. هەر لەو ساڵەدا، خامنەیی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو. لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨١ بووە یەکەم پیاوی ئایینی کە لەمێژووی وڵاتدا پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بەدەستەوە بێت. لە ساڵی ١٩٨٥ جارێکی دیکە لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ساڵی 1989 دوای کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا خومەینی بووە ڕێبەری ئایینی ئێران.  

خامنەیی وەک ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی بەهێزترین دەسەڵاتی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو . رابەری دەوڵەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوو، دەیتوانی فەرمان دەربکات و بڕیاری کۆتایی لەسەر سیاسەتە سەرەکییەکانی حکومەت لە بواری ئابووری، سیاسەتی دەرەوە و پلاندانانی نیشتمانی لەئێران بدات.

 

ڕێوڕەسمی فەرمی پرسەو بەخاکسپاردنی خامنەیی، هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا (٤ی تەموز)، کە ئەمساڵ ئەمریکا یادی ٢٥٠ ساڵەی سەربەخۆیی خۆی دەکاتەوە.

تا ئێستا بەرپرسانی ڕێکخەر وردەکاری زیاتریان لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی بڵاونەکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زانیاریی زیاتر بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×