ترەمپ دەیەوێت لە یادی لەدایکبوونی ٨٠ ساڵەیدا ڕێککەوتنەکە واژۆ بکات، بەڵام ئێران دەڵێت "پەلە مەکە"
  2026-06-14       184       
وێنەکە ژیری دەسکردە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، ڕایانگەیاند کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ یەکشەممە ئەو ڕێککەوتنە چوارچێوەییە واژۆ بکرێت کە چاوەڕوان دەکرا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران.

ئاوێنە: ​ترەمپ ئێوارەی شەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی کە بڕیارە ئەم ڕێککەوتنە ئەمڕۆ، هاوکات لەگەڵ یادی ٨٠ ساڵەی لەدایکبوونیدا واژۆ بکرێت.

​لە لایەکی دیکەوە، شەهباز شەریف ڕایگەیاند کە هەردوولا لەسەر چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاشتی گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و ئیسلام ئاباد سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ واژۆکردنی ئەلیکترۆنی ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی یەکشەممەدا. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دانوستانە تەکنیکییەکان بەردەوام دەبن.

​گومانەکان لەسەر کاتی واژۆکردنەکە

لەگەڵ ئەوەشدا، تاران گومانی لە کاتی دیاریکراوی ئەم ڕێککەوتنە کردووە و خۆپیشاندەرە توندڕەوەکانی ئێرانیش دژایەتی خۆیان بۆ ڕێککەوتنەکە دەربڕیوە. ئێران تا ئێستا واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی لە ڕۆژی یەکشەممەدا پشتڕاست نەکردووەتەوە.

​بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی شەممە پێش بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی ترەمپ هۆشداری دابوو کە ناکرێت هیچ لێدوانێکی یەکلاکەرەوە لەسەر کاتی واژۆکردنەکە بدرێت و گوتبووی: "سبەی نابێت"، بەڵام ڕەنگە "لە ڕۆژانی داهاتوودا" ئەنجام بدرێت.

​هاوکاتبوون لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی ترەمپ

لەم چوارچێوەیەدا ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، کە تاران ئەمڕۆ هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن واژۆ ناکات، چونکە ئەم ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی سەرۆکی ئەمریکا و مەترسی ئەوە هەیە ترەمپ ئەم بۆنەیە بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە بقۆزێتەوە.

​سەرچاوەکان ئەوەشیان خستەڕوو، هەندێک لە چاودێران پێیان وایە پێداگری ترەمپ لەسەر دیاریکردنی ئەم بەروارە لەوانەیە بە ئامانجی گۆڕینی ئەم ڕووداوە بێت بۆ دەستکەوتێکی پڕوپاگەندەیی و کەسی، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونیدا.

​"ڕێککەوتنەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە"

سەرچاوە سیاسییەکانی ئێران جەختیان لەوە کردەوە کە هەڵوێستەکانی تاران سەبارەت بە "یەکلایی نەبوونەوەی ڕێککەوتنەکە و تەواونەبوونی دەقی کۆتایی" ڕوونە و لەبەر ئەم هۆکارەش واژۆکردنی لەم کاتەدا مەحاڵە.

​سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، تیمی دانوستانکاری ئێرانی ئاگاداری ئەم "ڕەهەندە ڕەمزی و میدیاییانە"یە و ڕێگە نادات پرۆسەی دانوستانەکان ببێتە ئەوەی کە بە "شانۆگەرییەکی سیاسی یان تەشریفاتی" وەسف دەکرێت.

​ترەمپ دوێنێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروث سۆشیاڵ" نووسیویەتی، گەرووی هورمز کە ئێران داخستووە و بەیەکێک لە خوێنبەرە سەرەکییەکانی دابینکردنی نەوتی جیهان دادەنرێت، دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بەڕووی هەموواندا دەکرێتەوە.

​لە هەمان کاتدا، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لایەنی ئێرانی گەرووی هورمز دەکاتەوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم پرسە "مەرجێکی سەرەکییە". هەروەها گوتی: "لەوانەیە گەرووەکە بەبێ وەرگرتنی باجی تێپەڕین بکرێتەوە، و کاتێک ئەوە دەکەن، ئێمەش گەمارۆکەمان هەڵدەوەشێنینەوە".

​ڕوونیشیکردەوە کە ئەم هەنگاوانە لە یەک کاتدا ئەنجام دەدرێن، و پاککردنەوەی مین لە گەرووەکە بەشێک دەبێت لە قۆناغی داهاتوو. بە گوتەی ئەو، هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی گرووپی حەوت (G7) لەوانەیە ڕۆڵیان لەم بوارەدا هەبێت.

​لەگەڵ ئەوەشدا، وردەکارییەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە دوای چەندین مانگ لە هەوڵ و نێوەندگیری پاکستان پێکهاتووە، هێشتا نادیارە. ئەم دۆخەش لە کاتێکدایە کە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران دژ بەیەکن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×