دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، کە بە یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. ڕێککەوتنەکە، کە بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان بەدەست هاتووە، بڕیارە ڕۆژی هەینی، ١٩ی حوزەیران لە جنێڤی سویسرا واژۆ بکرێت و چەندین خاڵی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە: ڕاگرتنی هەمیشەیی شەڕ، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و کردنەوەی گەرووی هورمز.
ئاوێنە: دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، ترەمپ دەستبەجێ فەرمانی هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی دا و دڵنیایی دا کە ئێران لە داهاتوودا نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوکات پەیامی دا بە کەشتییەکانی جیهان بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز. لە بەرامبەردا، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆتاییهاتنی دەقی یاداشتەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بە بوونی میکانیزمی چاودێریکردن کرد بۆ زامنکردنی پابەندبوونی ئەمریکا.
دزەپێکراوەکان و ڕەتکردنەوە
سەرچاوە و ئاژانسە ئێرانییەکان ئاشکرایان کردووە کە دەستپێکردنی دانوستانی کۆتایی بەستراوەتەوە بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوت و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران (کە لە نێوان ١٢ بۆ ٢٤ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت). هەروەها، لە کۆتا کاتژمێرەکاندا بڕگەی "زامنکردنی سەروەریی لوبنان" بۆ ڕێککەوتنەکە زیادکراوە، کە وایکرد ئێران وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت نەداتەوە.
"پارەدان لە بەرامبەر جێبەجێکردندا"
بەرپرسانی ئەمریکی دەنگۆی ئازادکردنی بێمەرجی پارە سڕکراوەکانی ئێرانیان ڕەتکردەوە و جەختیان لە بنەمای "پارەدان لە بەرامبەر جێبەجێکردن" کردەوە. لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ هۆشداریی دا کە ئەگەر ڕێککەوتنەکە شکست بهێنێت هێرشی سەربازی دەستپێدەکاتەوە، و ڕەخنەی توندی لە بێنیامین ناتانیاهۆ گرت کە خەریک بوو بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل ڕێککەوتنەکە هەڵوەشێنێتەوە.
کاتی ڕاگەیاندنەکە و هێرشەکەی زاحیە
بەپێی سەرچاوەکان، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت لە ڕۆژی یەکشەممە خەریک بوو ڕێککەوتنەکە لەبار ببات، بەڵام جووڵە دیپلۆماسییە خێراکانی قەتەر و پاکستان ڕەوشەکەیان هێورکردەوە. تاران ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەی بۆ دوای نیوەشەو دواخست بۆ ئەوەی هاوکات نەبێت لەگەڵ یادی لەدایکبوونی ترەمپ، هەرچەندە بە کاتی واشنتۆن هەر کەوتە ئەو ڕۆژەوە.
ڕاگرتنی هێرشەکان و دۆسیەی گەرووی هورمز
گرنگترین دەسکەوتی هەنووکەیی، ڕاگرتنی هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانە لە هەموو بەرەکان، بەتایبەت گۆڕەپانی لوبنان. ئێران بەنیاز بوو وەڵامی هێرشەکەی زاحیە بداتەوە، بەڵام بەڵێنەکانی ترەمپ بۆ زامنکردنی خاکی لوبنان و کشانەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، ئێرانی پاشگەز کردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، گەرووی هورمز دەستبەجێ بەڕووی بازرگانی نێودەوڵەتیدا دەکرێتەوە و ڕێوشوێنی نوێ بۆ جووڵەی کەشتیوانی لە کەنداو دادەنرێت.
دۆسیەی ئەتۆمی و سزاکانی ئابووری
ڕێککەوتنەکە چوارچێوەیەکی گشتی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی دادەنێت، کە تێیدا ئێران ڕازی بووە چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت و وردەکارییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمیش بۆ دانوستانی دواتر هێڵراوەتەوە. بۆ ئێرانیش، ئەم لێکتێگەیشتنە دەرگا بەڕووی کەمکردنەوەی تدریجی سزاکانی ئابووری و بەدەستهێنانەوەی سامانە داراییەکانی دەکاتەوە.
قۆناغی داهاتوو
لە ئێستادا هەموو چاوەکان لەسەر واژۆکردنی فەرمیی ڕێککەوتنەکەیە لە سویسرا. ئەگەر هەردوو لا پابەندی بەڵێنەکانیان بن سەبارەت بە دۆسیە هەستیارەکانی وەک بەرنامەی ئەتۆمی و سزاکان، ئەوا ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و تاران، و کۆتایی بە چەندین ساڵ لە ململانێ و پێکدادان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت.