حکومەتی عێراق میکانیزمی هاتوچۆی بەرپرسانی ئێران ڕێکدەخاتەوە و دەنگۆی دەرکردنی قائانی ڕەتدەکاتەوە
  2026-07-06       379       

 لە پێشهاتێکی سیاسی و دیپلۆماسیدا کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی پەیوەندییە ئەمنییەکان، حکومەتی عێراق ڕێکارێکی نوێی بۆ ڕێکخستنی جموجوڵی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوخۆی عێراق خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاوێنە: ​بەپێی ئەو ڕێکارە نوێیانە، چیتر جموجوڵی بەرپرسانی ئێران، بەتایبەت ئەو کەسایەتییانەی لە کەرتە ئەمنی و سەربازییەکاندا کاردەکەن، بە شێوازی پێشوو بەڕێوە ناچێت. دەبێت سەرجەم سەردان و هاتنەکان تەنها لە ڕێگەی کەناڵە دبلۆماسییە فەرمییەکانەوە بن و حکومەتی عێراق پێشوەختە ئاگاداری وردەکارییەکان بێت. ئەم هەنگاوە بەشێوەیەکی کردەیی کۆتاییهێنانە بەو میکانیزمە کۆنەی کە لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نافەرمی و ڕانەگەیەندراو بەڕێوەدەچوو.

​لەلایەکی دیکەوە و لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەکەن کە عێراق بڕیاری دەرکردنی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی دەرکردبێت یان وەک "کەسایەتییەکی نەخوازراو" ناساندبێتی، سەرچاوەیەکی ئاگاداری حکومەتی عێراق ئەو زانیارییانەی بە تەواوی ڕەتکردەوە. هاوکات "هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ئەو هەواڵانەی بە دوور لە ڕاستی و بێ بنەما ناوزەد کرد.

​ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە بەغدا، داواکارییەکی ڕوونی پێگەیشتووە بۆ سنووردارکردنی سەردانە نهێنییەکانی لایەنی ئێرانی بۆ عێراق.

​هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق لەم قۆناغەدا لەکاتێکدایە کە بەغدا خۆی بۆ سەردانێکی فەرمیی زەیدی بۆ واشنتۆن ئامادەدەکات. پێشبینی دەکرێت لەو سەردانەدا چەند دۆسیەیەکی هەستیار و چارەنووسساز گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، لەوانە؛ دیاریکردنی وادەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ستراتیژییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، و پلانی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت.

​حکومەتی عێراق لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم بڕیارانە بە مانای ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان یان پچڕاندنی کەناڵەکانی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران نایەت، بەڵکو ئامانج لێی پاراستنی شکۆ و سەروەری دەوڵەت و بنیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگە لەگەڵ سەرجەم هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بڕیاری سەربەخۆی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×