دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ئهمڕۆ هەینی رهتیكردهوه كه كۆمپانیای ستارلینك هیچ بریكارێكی رهسمی یان فرۆشیارێکی پەسەندکراوی لە عێراق ههبێت و هۆشداریشی دا لەوەی هەر لایەنێک بانگەشەی ئەوە بکات خۆی ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە.
ئاوێنه: دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق له راگهیهندراوێكدا ئاماژهی بهوه كرد "بانگەشەکردن بۆ نوێنەرایەتیکردنی کۆمپانیای (ستارلینک) یان قۆرخکردنی مافی فرۆشتنی خزمەتگوزارییەکانی لە عێراق، بە ڕیکلامێکی چەواشەکارانە دادەنرێت بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی خوازیاری بەدەستهێنانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتن لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە".
وتیشی "ڕاگەیاندن لەبارەی هەر ڕێپێدراو یان فرۆشیارێکی پەسەندکراوی کۆمپانیاکە، بە شێوەیەکی ڕەسمی لە ڕێگەی کەناڵە پەسەندکراوەکانی دەستەکە و کۆمپانیای (ستارلینک)ـەوە بڵاودەکرێتەوە، دوای تەواوکردنی ڕێکار و پێداویستییە پێویستەکان".
دەستەکە داوای لە بەکارهێنەران و دامەزراوە حکومییەکان کرد "ئاگاداربن و مامەڵە لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نەکەن کە بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی کۆمپانیای ستارلینک یان فرۆشتنی بەرهەمەکانی بەشێوەیەکی ڕەسمی دەکات و پشت بە سەرچاوە ڕەسمییەکان ببهستن بۆ دڵنیابونەوە لە زانیارییەکانی پەیوەست بە ڕێپێدانە پەسەندکراوەکان."