هاوپه‌یمانی 19: فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ 13 هاوڵاتی تر له‌ خانه‌قین ده‌رچوه‌
  2026-08-31       68       

تۆڕی هاوپه‌یمانی 19 رایده‌گه‌یه‌نێت، جگه‌ له‌و هاوڵاتیانه‌ی ده‌ستگیركراون، له‌ خانه‌قین فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ 13 هاوڵاتی تر ده‌رچوه‌. تۆڕه‌كه‌ داوا ده‌كات ده‌ستبه‌جێ ده‌ستگیركراوان ئازاد بكرێ" و رێكاره‌ یاساییه‌كان به‌رانبه‌ر به‌ چالاكوانانی شاره‌كه‌ رابگیرێن.

ئاوێنه‌: تۆڕی هاوپه‌یمانی 19، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، بڕیاربو ئێوارەی ئەمڕۆ، دژ بە سیاسەتی بەعەرەبكردن لە شاری خانەقین، كە یەكێكە لە ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خۆپیشاندانێكی ئاشتیخوازانە بەڕێوەبچێت، بەڵام رێكخەرانی خۆپێشاندانەكە بەیانی ئەمڕۆ رایانگەیاند، چالاكییەكەیان هەڵپەساردوە، تا كاتێكی تر.

بە پێی زانیارییەكانی تۆڕی هاوپەیمانی 19 كه‌ لەچەند سەرچاوەیەكەوە وه‌ریگرتون نه‌یانویست ناویان بڵاوبكرێته‌وه‌، 13 كەسی تر له‌ شاره‌كه‌ فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچوە، وێڕای ئه‌وه‌ی هەندێك هاوڵاتی دەستگیركراون كە جێگەی سەرسوڕمانە، وەك ئەو هاوڵاتییەی نوسراوی سەر دوكانەكەی لە زمانی عەرەبییەوە كردوە بە كوردی.

هاوپه‌یمانی 19 جه‌ختی كردۆته‌وه‌، پێشێلكردنی ماددەی 140ی دەستوری عێراق وایكرد كە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە لە چەند لێدوانێكی جیاجیادا داوا لە چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق و نوێنەرانی كورد لە بەغدا بكەن كە بەزوترین كات بەدەم داواكارییە ڕەواكانی خەڵكەوە بێن.

تۆڕی هاوپەیمانی 19 (سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات) داوای كردوه‌ دەستبەجێ دەستگیركراوان ئازاد بكرێن و رێكارە یاساییەكان بەرانبەر چالاكوانانی خانەقین رابگیرێن و رێز لە مافی ئازادی را دەربڕینی هاوڵاتیان بگیرێت كە دەستوری عێراق و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان زامنیان كردوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×