یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ: ئاماده‌ین بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن
  2026-09-09       77       

یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ له‌ كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی نێوانیاندا ئاماده‌یی خۆیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن ده‌رده‌بڕن و هۆشداریش ده‌ده‌ن کە هەر لایەنێک ببێتە بەربەستی پێکنەهێنانی حکومەت، ئەوا بەرپرس دەبێت بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەر شتێک کە لە داهاتودا ڕودەدات.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی 9ی 2026 لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، کۆبونەوەی لووتکەی ئەنجوومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچو.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌:

ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی 9ی 2026 لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، کۆبوونەوەی لووتکەی ئەنجوومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆبونەوەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا. لەو بارەیەوە هەردو لایەن ئامادەییان دەربڕی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، کە حکومەتێکی هاوسەنگ و پەسەندکراو بێت لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، هەروەها حکومەتێک بێت کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق پێبێت.

هەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە، کە پێکنەهێنانی حکومەت پەیوەستە بە ژیان و گوزەران و داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە هەر لایەنێک ببێتە هۆکاری بەربەستی پێکنەهێنانی حکومەت، ئەوا بەرپرس دەبێت بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەر شتێک کە لە داهاتوودا ڕوودەدات.

کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە کە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان هەموو ڕێگەیەکی چارەسەر دەگرینە بەر .

وەک هەمیشە دەرگای گفتوگۆی ئەم هاوپەیمانێتییەمان کراوەیە بەڕووی هەموو لایەک، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو واقیعە نوێیەی لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە.

راگەیێنراوی کۆبونەوەی لووتکەی ئەنجوومەنی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

9/9/2026

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×