سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە دەست بەسەر ١٥ سەکۆی تایبەت بە هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)دا بگرن. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە بەغدا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاکی عێراق بۆ پێشێلکاری ئەمنی و تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
ئاوێنە: لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا، نوعمان ئاماژەی بەوە دا کە حکومەتی عێراق بەرز دەنرخێنێت هەڵوێستی شانشینی عەرەبستانی سعودیە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا چەند هێرشێک لە ناو خاکی عێراقەوە کرانە سەر ئەو وڵاتە.
وتەبێژەکەی فەرماندەی گشتی دووپاتی کردەوە کە عێراق نابێتە بەشێک لە ململانێ و گرژییە هەرێمییەکان، و ڕوونیشیکردەوە کە دەزگا ئەمنییەکان بەردەوامن لە ڕاوەدوونان و لێپرسینەوە لە هەر لایەنێک کە چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەکاربهێنێت.
سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لەو هێرشانەی دوایی، ناوبراو ئاشکرای کرد کە پرۆسەی بەدواداچوون بەردەوامە و لە ئێستادا لیژنەی باڵا ڕەوانەی پارێزگای میسان کراون بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گرتنەبەری زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئەمنی نوێ لەو پارێزگایە.
لە درێژەی قسەکانیدا، ئاشکرای کرد کە ڕێنمایی و بڕیاری توند دەرچوون بۆ دوورخستنەوە و لەکارلادانی هەر بەرپرسێکی ئەمنی کە کەمتەرخەمی لە دۆسیە ئەمنییەکاندا کردبێت. هەروەها بڕیار دراوە بە بڵاوەپێکردنی هێزی ئەمنی پێویست لە پارێزگای میسان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە.
لە کۆتاییدا، سەباح نوعمان جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە بەغدا بە هیچ جۆرێک چاوپۆشی لە پێشێلکارییە ئەمنییەکان دژی وڵاتانی دراوسێ ناکات و ڕێگەش بە هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک نادات لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.