ئانۆ جه‌وهه‌ر: له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆڕه‌ك تیلیكۆم داناخرێت
  2026-09-18       38       

ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی هه‌رێم لەبارەی لێدوانەکانی دەستەی گەیاندنی عێراق بۆ داخستنی کۆڕەک تیلیکۆم لە کۆتایی ئەم مانگەدا دڵنیایی دەداتە هاوبەشانی كۆمپانیاكه‌ كه‌ دەتوانن سیمکارتەکانیان بەکار بهێنن و دەشڵێت "لە کوردستان کۆڕەک تیلیکۆم داناخرێت".

ئاوێنه‌: ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی هه‌رێم له‌باره‌ی سه‌ردانی شاندێكی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق كه‌ سەردانی وەزارەته‌كه‌یان كردوه‌ به‌ میدیای پارتی رایگەیاند، لەگەڵ لیژنەکە کۆبونەوەیەکی دور و درێژیان کردوە و یەکێک لە تەوەرەکانیان تاوتوێکردنی کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم بوە.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبونەوەیان لەگەڵ لیژنەی گواستنەوەی عێراق باسیان لە کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە و وتی: "کۆڕەک تیلیکۆم گەورەترین کۆمپانیای تیلیکۆمە لە هەرێمی کوردستان و یەکەم کۆمپانیای هەرێمی کوردستان و عێراقە لە بواری پەیوەندیدا، بابەتەکە پەیوەندی بە ملیۆنەها هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە ژمارەی کۆڕەک بەکار دەهێنن بۆ ماوەی دەیان ساڵە، کە ژمارەکانیان پەیوەست کراوە بە هەژمارەکانیان لە سۆشیاڵ میدیا، بانکەکان و هەژمارەکانی خوێندن".

ئانۆ جەوهەر وتیشی"داوامان کرد لیژنەی پەرلەمانی بەگوێرەی رۆڵی یاسایی و چاودێرییان لەگەڵ دامەزراوەکانی فیدراڵی کار بکەن بۆ ئەوەی کێشەی کۆڕەک کە چەندین رەهەندی یاسایی هەیە دەبێت بەپێی یاسا چارەسەر بکرێت، دەبێت کارەکانی کۆمپانیا بەردەوامییان هەبێت چونکە پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، دەبێت لە رووی دارایی و یاساییەوە چارەسەر بکرێن دوور لەوەی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان زیانمەند بن".

دەستەی گەیاندنی عێراق رایگەیاندووە، کۆتایی ئەم مانگە هەموو ئامێرەکانی کۆڕەک تیلیکۆم دەکوژێننەوە و کارکردنی کۆمپانیاکە رادەگرن و داوایان کردووە هاوبەشانی کۆڕەک سیمکارتەکانیان بگۆڕن.

وەزیری گواستنەوەی هه‌رێم وتی: "دەستەی گەیاندنی عێراق ناتوانێت لە کوردستان کۆڕەک بکوژێنێتەوە، ئێمەش نامانەوێت بگات بەوە، ئەمە بابەتێکی یاساییە و کۆمپانیایەکی کوردستانییە و بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کار دەکەن و کەسیش ناتوانێت کۆمپانیایەکی کوردستان بکوژێنێتەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئێمە سیستمێکی فیدراڵیمان هەیە نەوەکو دیکتاتۆری".

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان پێشتر سەردانی دەستەی گەیاندنی عێراقیان کردووە و بەگوێرەی دەستوور گفتوگۆیان کردووە و ئامادەییان بۆ لیژنەی هاوبەش دەربڕیوە. وتیشی: "کۆڕەک سویچێک نییە بیهێننە خوارەوە و ئەوە بابەتێکە پەیوەندی بە بەرژەوەندیی ملیۆنان هاووڵاتییەوە هەیە، ئەوە بەگوێرەی لێدوانی کەسێک یان لایەنێک ناکرێت".

لەبارەی کارکردنی کۆڕەک لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان وەکو کەرکووک، ئانۆ جەوهەر وتی: "من وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانم، لە پەرلەمانی کوردستان سوێندم بە ئینجیلی پیرۆز خواردووە بەرپرسیارێتیی یەکەمم بەرامبەر هاووڵاتییانی کوردستانە، تاوەکو بتوانم بەگوێرەی ئەرکەکەم، حکومەتەکەم و سەرۆکی حکومەت کار دەکەم بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی کوردستان بپارێزین، دەرەوەی سنووری یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان سنووری حکومەتی عێراقە، ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ باڵاترین لیژنەی عێراق دانیشتین کە سەرۆکی لیژنە و پەرلەمانتارانی عێراق بوون، داوامان کرد بەگوێرەی دەسەڵاتی یاسایی خۆیان بەرگری لە مافی هەموو هاووڵاتییان بکەن کە زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتیین و سیمکارتی کۆڕەک بەکار دەهێنن".

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان وتی: "بابەتی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم تەنیا باج نییە و بابەتێکی یاساییە، کۆڕەک تیلیکۆم لە دەستپێکی مۆڵەتەکەی دەبووایە 3 ملیۆن و 200 هەزار ژمارە کە تەحویلی کۆڕەک بکرێت و نەکرا ئەمە دەستپێکی کێشەکە بووە، بۆیە دەڵێم کێشەکە کێشەی ساڵێک و دووان و 10 ساڵ نییە، بڕیارێکی دادگە یان دووان و سیان نییە، بڕیارێک و دووانی حکومەتی فیدراڵی نییە و چەندین بڕیارە و چەندین ئەنجامیان هەیە، چەندین بڕیاری هەن جێبەجێ نەکراون، بۆیە دەبێت بابەتی کۆڕەک بە هێمنی و دوور لە بڕیاری خێرا بە شێوەیەکی یاسایی و سرووشتی چارەسەر بکرێت نەوەکو لە رێگەی لێدوانی میدیایی و باسی داخستن و لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان".

ئانۆ جەوهەر دڵنیایی دا بە بەشداربووانی کۆڕەک تیلیکۆم کە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی و گوتی: "ئێمە لە حکومەت بەرگری لە مافی هاووڵاتییەکانمان دەکەین و بۆیە کۆڕەک تیلیکۆم لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت".

زۆرترین بینراو
جوویەک كە بەتاوانی  کوشتنی شۆفێرێکی تاکسی لەسلێمانی سزای لەسێدارەدانی هەبوو ئازاد كرا
پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی تۆمەتەکانی "کودەتا و تیرۆر" ڕەتدەکەنەوە و باس لە وەرگرتنی دانپێدانان لەژێر بێهۆشیدا دەکەن
نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانییەوە: پرۆسەی یەکخستنی پێشمەرگە کۆتایی هات و زەمینەی پێکهێنانی حکومەت لەبارە
جه‌میل بایك: یاسای چوارچێوه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌دا نییه‌، مه‌زڵوم عه‌بدی نه‌ده‌بو ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت
بەهۆی فشارەکانەوە؛ تورکیا ڕێگری لە گواستنەوەی سەروەتەکەی فالح فەیاز دەکات
راوێژكارێكی باڵای ئه‌ردۆغان: ئۆجه‌لان له‌ لیژنه‌ی چه‌كداناندا ئه‌ركی ده‌بێت
گواستنەوەی غاز لە کێڵگەی کۆڕمۆرەوە ئاسایی بووەوە
زه‌یدی ده‌چێته‌ ئه‌مریكاو له‌گه‌ڵ تره‌مپ كۆده‌بێته‌وه‌
مه‌سرور بارزانی: هه‌ر كاتێك لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ئاماده‌بن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، ئێمه‌ش ئاماده‌ین
رۆیته‌رز: چین داوای له‌ ئێران كردوه‌ كۆنترۆڵی حوسییه‌كان بكات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×