لە پێشهاتێکدا کە پرسیار لەسەر کارایی دامەزراوەکانی دەوڵەت دروست دەکات، ئامارەکان ئاشکرایان کردووە کە دەیان هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە عێراق نەخوێندەوارن یان هیچ بڕوانامەیەکی ئەکادیمییان نییە.
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری، بە پشتبەستن بە داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ڕایگەیاند کە نزیکەی ٣٤ هەزار فەرمانبەر لە کەرتی گشتی و وەزارەتی کارەبادا بەبێ بڕوانامە و نەخوێندەواری کار دەکەن.
مەرسوومی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە تەنها لە وەزارەتی کارەبادا نزیکەی ٢٣ هەزار فەرمانبەر بەبێ بڕوانامەن. ئەمەش دەکاتە ڕێژەی ١٢٪ی کۆی گشتیی کارمەندانی سەر میلاکی هەمیشەیی وەزارەتەکە، کە ژمارەیان دەگاتە ١٨٧ هەزار فەرمانبەر، ئەمەش بەپێی دواین ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٥.
لە لایەکی دیکەوە، داتاکانی کۆتایی سەرژمێریی گشتی ئەوەشیان دەرخستووە کە نزیکەی ١١ هەزار فەرمانبەری حکومی لە سەرتاسەری عێراقدا بەتەواوی نەخوێندەوارن و توانای خوێندنەوە و نووسینیان نییە.
لەم چوارچێوەیەدا، شارەزایان و چاودێرانی بواری ئابووری هۆشداری دەدەن لەوەی کە کەڵەکەبوونی ئەم ژمارە زۆرەی فەرمانبەرانی بێ بڕوانامە و نەخوێندەوار لە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، نەک تەنها بارگرانییەکی دارایی گەورە لەسەر بودجە دروست دەکات، بەڵکو کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆشی لەسەر ئاستی بەڕێوەبردن و کارایی کارگێڕیی کەرتی گشتی دەبێت.