ترەمپ پشتڕاستیکردەوە کە پێشنیاری ئێران بۆ کردنەوەی هورمز ڕەتکردووەتەوە
  2026-09-26     

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە پشتڕاستی کردەوە کە پێشنیاری نوێی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمزی ڕەتکردووەتەوە. هەروەهای لەبارەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت "ئەو هاوڕێی منە و پشتگیرمکرد".

 

ئاوێنە: ترەمپ سەبارەت بە پێشنیارەکەی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، لە دەرەوەی کۆشکی سپیدا بە رۆژنامەنوسانی وت "ئەوان پێشنیارێکیان دا، بەڵام منیش ڕەتم کردەوە". وتیشی "ئەوان دەیانەوێت ڕێکەوتنێک بکەن کە بەپێی ئەوە گەرووە دەستبەجێ بکرێتەوە، چونکە بە توندی لە باری شکستدان".

هەروەها سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان "کۆنتڕۆڵی تەواو"ی گەرووی هورمزیان لەژێر دەستدایە.

سەرۆکی ئەمریکا له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌لی زه‌یدی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش له ‌نیویۆرك وتی "سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پیاوێكی ناوازه‌یه‌، هاوڕێی منه‌و پشتگیرم كرد".

جێی ئاماژەیە، ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک و بە نێوەندگری قەتەر، پێشنیارێکی پێشکەشی ئەمریکا کردبوو کە ئەگەر واشنتۆن قبوڵی بکردایە، پرۆسەیەکی حەوت ڕۆژە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و ڕاگرتنی ململانێکان لە ناوچەکە دەستیپێدەکرد.

بەپێی ئەم پێشنیارە، ئێران داوای کۆتاییهێنانی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی خۆی لەلایەن ئەمریکاوە کردبوو، هەروەها دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیەکەی تاران.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×